ته‌ندروستیی سلێمانی سیستمی تەندروستیی دەكاته‌ دیجیتاڵ

تەندروستی
13:59 - 2022-06-15


بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت كە، سیستمی تەندروستیی دەبێتە دیجیتاڵی و هاووڵاتیان لە هەر بنكەیەكی تەندروستیی دەتوانن بە نیشانی كارت لە خزمەتگوزارییەكانی تەندروستیی سوودمەند بن.

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سیستمی تەندروستیی بە ئەلیكترۆنی دەكرێت و مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكان دەبێتە دیجیتاڵی و هاووڵاتیان چاودێری تەندروستی ودەرمان دەكەن لە ئەمڕۆوە مێژووی كەرتی تەندروستیی سلێمانی دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.

وتیشی: پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی قورسە چونكە پڕۆژەكە ئەلیكترۆنییە چونكە كارمەندی نوێیمان بۆ دانەمەزراوە بەشێك لە كارمەندەكان ڕانەهاتوون بە سیستمەكە و ئێمە كۆڵنادەین و بەردەوام دەبین لەسەر ڕاهێنانەكان و بە هەوڵی هەموو لایەك پڕۆژەكە دەبەین بەڕێوە و ڕێكخراوی بیانی بودجەكەی بۆ تەرخان كردووین و پڕۆژەكە بە ئایندەی سلێمانی دەبێتە خەزینەیەكی زێڕین.

 سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و ڕشانەوە وتیشی: بەڕێژەیەكی بەرچاو پەتای سكچوون و ڕشانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوبۆتەوە و ئەمەش شتێكی چاوەڕوانكراو بوو بۆ ئێمە، و ساڵانە لەم وەرزەدا پەتای سكچوون زیاددەكات و ئەوەی كە جێی ترس و دڵەڕاوكێی ئێمەیە بە پێی ستانداردە جیهانییەكان هەر بە پێنج شەش ساڵ جارێك پەتای كۆلێرا بڵاودەبێتەوە كە یەكێكە لە خراپترین جۆرەكانی سكچوون و گومان دەكەین ئەمساڵ پەتای كۆلێرا بڵاوببێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP