دەرباز کۆسرەت رەسول پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات

کوردستان
15:49 - 2022-06-16


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦/٦/٢٠٢٢ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، دەرباز کۆسرەت رەسول کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە خاتوو ئەلینە ئێڵ رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و وەفدی هاوڕێی.

لە دیدارەکەدا کە خالید شوانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، دەرباز کۆسرەت رەسول پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کردو هیوای خواست رۆڵی ئیجابی بگێڕێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

دۆخی عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا دیدو تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو و جەختیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی کردەوە.

دەرباز کۆسرەت رەسول دیدو تێڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و رایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پێداگرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی عێراقی، کە سەرجەم هێزو لایەنەکان بەشداربن و بنەمای پێکهێنانی حکومەتەکە خزمەتکردن و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بێ بە عێراقییەکان.

دەرباز کۆسرەت رەسول گوتیشی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتاوە رامانگەیاندووە کە دەمانەوێت کورد بە وەرەقەیەکی هاوبەشی کوردستانی بەشداری بکات لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و هەموومان پێکەوە داکۆکی بکەین لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمان.

کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، دەرباز کۆسرەت رەسول و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گفتوگۆی وردی بابەتەکانیان کردو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP