دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ زیانه‌كانی بۆردومانه‌كانی شه‌وی رابردو ئاشكرا ده‌كه‌ن

کوردستان
10:13 - 2022-11-21



دره‌نگانی شەوی رابردو ئێران بە درۆن و موشەک هێرشی کردەسەر بنكه‌و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و جێژنیکان لە بەحرکەی هەولێرو پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید بوو، هەروەها بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە سنووری زڕگوێز.
 
له‌و باره‌یه‌وه‌ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە موشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە و جێژنێکان کراونەتە ئامانج، بە هۆی ئەو هێرشە موشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزب بەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی بێهزاد ئیسکات شەهید بو.
 
ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردوه‌،14ی ئەم مانگەش سوپای پاسداران بە بەزاندنەوەی هەمو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی بە موشەک بەئامانج گرتبو کە ئەم هێرشە بوە هۆی شەهیدبونی دوو پێشمەرگە.
 
حزبی دیموکرات باسی له‌وه‌شكردوه‌، "بەردەوامیی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانیان لە کاتێکدایە،  خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆی کوردستانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران شەهید و سەدان کەسیش بریندار بون." 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، نەوید میھراوەر ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان رایگەیاند، "ئێران لە بەرەبەیاندا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانیان لە زڕگوێز به‌ڵام، زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە".
 
 
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP