وه‌فدێكی باڵای هێزه‌كانی حه‌فتا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارو وه‌فدی سه‌ربازیی و ئه‌منی عێراق كۆبوه‌وه‌

عێراق
20:42 - 2022-11-27

وەفدێکی باڵای ھێزەکانی حەفتا بە سەرۆکایەتی لیوا روکن عومەر ساڵح سەرۆکی دەستەی ئەرکان، کە پێکھاتبوون لە لیوا روکن مەریوان محەمەد فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانی دوو، وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ، دیار عومەر جێگری فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ ھەریەک لە د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار ، سابت محەمەد سەعید عەباسی وەزیری بەرگری، عەبدولئەمیر شەمری وەزیری ناوخۆ، فەریق یەکەمی روکن عەبدول ئەمیر یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپا ، عەبدولوەھاب ساعیدی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر عێراق کۆبوونەوە .

لەکۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی و ریشەکێشکردنی پاشماوەکانى داعش و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی پەیوەندیی و ھەماھەنگییە سەربازی و ھەواڵگرییەکان و فراوانکردنی ھاریکارییەکان لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە وڵاتدا .

کۆبوونەوەکان پلان و بەرنامەی نوێی سەربازی خستەبەرباس  و ھەموو ئەو رێوشوێنە ئەمنییانە تاوتوێکران کە پێویستە بنرێن بۆ پاراستنی خاکی عیراق و ھەرێم ، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەکان کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و بڕیاردرا ژوری ئۆپراسیۆنەکان فراوانتربکرێن و کاری پێکەوەیی و کردەی سەربازی ، پشت بەستوو بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان ئەنجامبدرێن بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆرو رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش .

پارێزگاریکردن لە سەروەریی یاساو جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاو دەستگیرکردنی لەیاسا ھەڵھاتووان و تاوانکاران و تیرۆریستان بەشێکی تری تەوەری کۆبوونەوەکان بوو ، کە ھەڵسەنگاندنی بۆکراو بڕیاردرا لەو چوارچێوەیەدا ھەماھەنگییەکان لەنێوان ھەرێم و عیراق زیاتربکرێن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و تاوانباران کە یاسا داوایان دەکات وبەدواداچوونی زیاتربکرێت بۆ ھەموو ئەو کەیسانەی پەیوەستن بە  تیرۆرو کاری تاوانکاری ، رێوشوێنی ئەمنی و سەربازی توندوتۆڵتریان بەرامبەربگیرێتە بەر و رێگەنەدرێت قانوون شکێنان سود لەدەرفەت وەربگرن و خۆیان لە شارەکانی ھەرێم و عیراق حەشاربدەن لەو رووەوە بڕیاری پێویست درا بۆ جێبەجێکردنی .

ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگەو پێشخستنی توانا سەربازییەکان و سود وەرگرتن لە راوێژکارانی سەربازی عیراق لەکۆبوونەوەکاندا تاوتوێکرا و پێویستی بەردەوامی مەشق و راھێنانەکان دووپاتکرایەوە و بۆ ئەوەش لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کرا .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP