به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق كه له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌كۆشكی سه‌لام له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو د.له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆمار‌و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون باس له‌بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی وڵات كرا هه‌روه‌ها ڕێگاكانی پاڵپشتیكردنی حكومه‌ت له‌جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری خۆی تاوتوێكرا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌دابینكردنی باشتریین خزمه‌تگوزاری بۆ هاوڵاتییان مسۆگه‌ربكات.
هه‌روه‌ها جه‌خت له‌گرنگی یه‌كخستنی گوتاری سیاسی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ پێویستیی دانانی ئه‌و قانونانه كرایه‌وه كه‌له‌ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌دا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ردراوه و له‌ماوه‌ی دیاریكراودا به‌قانون بكرێن.
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر پێویستی سووربوون له‌سه‌ر سازكردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ساڵی داهاتوودا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدا جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه.
هاوكات باس له‌بارودۆخی ئابووری وڵات كرا، ته‌ئكیدیشكرایه‌وه له‌سه‌ر پێویستی دانانی یاسای بودجه، هه‌روه‌ها گرنگی به‌هێزكردنی ڕێكاره‌كان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی.
هه‌ر له‌درێژه‌ی ئه‌و دیداره‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا، تاوتوێی بارودۆخی ئاواره‌كان له‌وڵات كرا، هاوكات جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر پێویستیی هه‌وڵدانی زیاتر بۆ كۆتاییهێنان به‌ئازار و نه‌هامه‌تیه‌كانیان و كاركردن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سه‌رماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌زامنی ژیانێكی شایسته و سه‌لامه‌ت و سه‌قامگیریان بۆ بكرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP