ژاپۆن ـ ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا شۆكهێنه‌ره‌

تەندروستی
18:47 - 2023-01-22

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ژاپۆن، ئامارێكی شۆكهێنه‌ری سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان به‌ په‌تای كۆرۆنای بڵاوكردوه‌و ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ته‌نها له‌ مانگی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵی 2023 زیاتر لە ٨.١ هەزار کەس به‌و په‌تایه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ش زۆرترین ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدانه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌و وڵاته‌. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن، ڕۆژی یەکشەممە 326 حاڵەتی گیان له‌ده‌ستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوەو کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لە 22 ڕۆژی یەکەمی مانگی 1ی ئەمساڵدا گەیشتووەتە هەشت هەزار و 103 حاڵەت.  

بۆ یەکەمجارش لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە ڕێژەی مردنی مانگانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندوه‌، لەو ژمارەیەش لە ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ژاپۆن بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بەرزبووەته‌وه‌.

به‌و پێیه‌ کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لەو وڵاته‌ لە سەرەتای پەتای کۆرۆناوە گەیشتووتە ٦٥.٤ هەزار حاڵەت.  
سەرچاوە: ئاژانسه‌كان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP