سەرۆک کۆمار پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی ئاسیا و روسیا ده‌كات

عێراق
16:25 - 2023-01-24



دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتانی ئاسیا و روسیای فیدراڵ.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی باڵیۆزەکانی کرد و ئاماژەی بە گرنگی فراوانکردنی شێوازەکانی هاریکاری نێوان عێراق و وڵاتەکانیان کرد بە شێوەیەک کە خواستەکانی گەلان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەدیبهێنێت.

سەرۆک کۆمار ڕۆشنایی خستە سەر ئەو سەردەمە نوێیەی کە عێراق ئەمڕۆ ئەزموونی دەکات، عێراقێکی بێ تیرۆر و توندوتیژی و شەڕ، ئاماژەی بەوەدا کە "ئەمە پەیامێکە کە هیوادارم بیگەیەنن بە وڵاتەکانتان".

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پارێزگای نەینەوا و هەموو پارێزگاکانی دیکە سەقامگیری ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت دوای ئەوەی بەشێکیان بەدەست پەتای تیرۆرەوە دەناڵێنن و دامەزراوە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان کە لە ئێستادا دۆخێکی خوازراو بەدیهاتوە، بەو پێیەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن و بەهەمان شێوە بەغدای پایتەخت سەقامگیر و ئارامە.

سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێ لە ئاستێکی باشدایە و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا بەدیهاتوە، لە هەمان کاتدا مەسەلە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە سنوور و پشکی ئاو ێش مەسەلەی گرنگن و هیوادارین چارەسەر بکرێن بە شێوەیەک کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر بکات.

سەرۆک کۆمار باسی لە ئامادەبونی لە کۆنفرانسی ئابووری داڤۆس کرد، ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک و سەرکردەو سیاسەتمەداران لە میانی دیدارەکانیاندا ویستی خۆیان بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ عێراق دەربڕیوە هەروەک چۆن لە کاتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا لە شەرم شێخ و کۆبونەوەی باڵای عەرەبی لە جەزائیر هەڵوێستی ئەرێنی خۆیان دوپاتکردۆتەوە، کە پشتگیری خۆیان بۆ عێراق دەربڕی لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.

لەتیف جەمال رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئێستای عێراق بەرنامەیەکی گشتگیری هەیە بۆ پەرەپێدانی ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە بودجە پەسەند دەکرێت و بەرنامە لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، هەروەها پلانی ستراتیژیش دانراوە بۆ بنیاتنانی پیشەسازیی شارەکان و تەواوکردنی پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو و پرۆژەکانی تر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.

 سەرۆک کۆمار باسی لە پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان کرد و جەختیکردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ئاستێکی باشدان و ویستێکی هاوبەش هەیە بۆ چارەسەری ڕیشەیی بۆ مەسەلە هەڵپەسێردراوەکان بە پێی دەستوور و قانون.

لە بەرامبەردا باڵیۆزی وڵاتان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، جەختیانکردەوە لەسەر ویستی وڵاتەکانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کە هەموو ئاستەکان بگرێتەوە و بە شێوەیەک کە ویست و خواستەکانی گەلان بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بەدیبهێنێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP