لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی مێشک لە بەغداوە دەگاتە سلێمانی و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاشکرای دەکات کە وەزارەتی تەندروستی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە بەشی زیادەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ سلێمانی بنێرێت.
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: " هەوڵەکـانمان ئەنجامی هەبوو بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی مێشک، کە لە بەشی پاڵپشتی لەبەغداوە ئامادەکرا و لە چەند رۆژی داهاتوو تەندروستی سلێمانی وەریدەگرێت.
دوای سەردانی مەیدانی بۆ نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزاگی سلێمانی و وەرگرتنی داواکاری و پێداویستییە پزیشکییەکان پێشکەش بە وەزیری تەندروستی عیراق کرا و رەزامەندی دەربڕی بۆ ناردنی بەشە زیادەی پێویستی دەرمان و پێداویستیە پزیشکییەکان، هاوکات کۆمپانیای کیمیادیای سەر بەوەزارەتی تەندروستیش بەشی پارێزگای سلێمانی ئامادەکردووە و هەرکاتێک نوێنەری تەندروستی سلێمانی سەردانی بەغدا بکات دەتوانێت وەریبگرێت ، د. بڕیار وادەڵێت.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە بەشی زیادەی سلێمانی (دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بەشە پێویستی چارەسەرەکـانی تایبەت بەنەخۆشی هەوکردنی مێشکی منداڵان، لیستێکی تایبەت بە نەخۆشخانە ڕاوێژکاریەکان) لەخۆدەگرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP