هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام گەیشتە ئاغجەلەر

کوردستان
18:05 - 2023-05-24


هەڵمەتی ڕواندنی یەک ملیۆن نەمام ناحیەی ئاغجەلەری گرتەوە و لەو چوارچێوەیەدا و لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانی سەوزکردنی کوردستان بەردەوامە. 

رۆژی چوارشەممە ٢٤/٥/٢٠٢٣, و دوای تەواوکردنی کاروبارەکانی دانانی سیاجی پێویست بۆ پڕۆژەکە لەپێناو پاراستنی نەمامەکان و دارستانەکە لەهەر زیادەڕەوییەک، هەڵمەتی ڕواندنی نەمام لەنێو پرۆژەی دارستانی ئاغجەلەر سەر بەبەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەمیانی بەشداریکردنی لەهەڵمەتەکەدا، رەمک رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بەناوی ئیدارەی ناوچەکەوە دەستخۆشی لەو هەنگاوەی سەرۆک بافڵ کرد و بەهەوڵێکی گرنگی زانی بۆ سەوزکردنەوەی ناحیەکە لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەتایبەت کەلەسەردەمی رژێمی لەناوچوودا رووبەڕووی نەهامەتییەکی زۆر بوونەوە و ئەم هەنگاوەش یەکێکە لەو خزمەتانەی کەپێشکەشی هاوڵاتیانمان دەکرێت.

ئارام حازم لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی چەمچەماڵ ڕایگەیاند هەڵمەتەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دارستانی ئاغجەلەری دووبارە ژیاندەوە بەتایبەت کەزیاتر لەدە ساڵە کاری تێدا نەکراوە وتیشی بەدروستکردنی پەڵەی دەستکرد و چاندنی ئەو جۆرە نەمامانەی لەگەڵ ژینگەی ناوچەکەدا دەگونجێت زامنی سەرکەوتنی هەوڵەکانمان کردووە بۆ سەوزکردنی.

ئارام حازم بەناوی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی یەوە سوپاسی پێشوازی و بەتەنگەوە هاتنی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر و شارەوانی و کشتوکاڵی کرد بۆ پەرۆشییان تا هەڵمەتی سەوزکردنی کوردستان ناوچەکەیان بگرێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP