بڕیاری رێكخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیكردنی مووچە پەسەند كرا

کوردستان
19:38 - 2023-05-24



ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری رێكخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیكردنی مووچەی پەسەند كرد و سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران گرنگیی ئەم بڕیارەیان دووپاتكردەوە كە جارێكی دیكە بنەماكانی دارایی گشتیی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاڕاستەی ناوەندییكردنی داهات و خەرجییەكان و بە ناوەندیكردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم كە كاری لە پێشینە بێت، پێش هەر خەرجییەكی دیكە و پەیڕەوكردنی یەكسانیی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجییەكان (جگە لە مووچە) نەك پەیڕەوكردنی دابەشكردنی رێژەكاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.

لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران كە رۆژی  5/24  بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەرێوەچوو، لە بڕگەی یەكەمدا دوا پێشهاتەكانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 خرایەڕوو،  گفتوگۆكرشكرا لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 2023/5/2 هەندێك لە مادەكانی هەموار كرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانكاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.

بەگوێرەی راگەیه‌ندراوی رۆژنامەنووسیی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق درا، كە هەوڵی هەمواركردنەوەی ماددەكانی 13 و 14یان دا و پێشنیارەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە كە رێككەوتنی لەسەركراوە و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوو حكومەتی هەرێم وفیدراڵ پەسەندكراون و لە چوارچێوەی رێككەوتنی 2023/4/4 و پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق جێگیركراون.

پەلە لە پەسەندكردنی بودجەدا بكرێت
سەرۆك وەزیران كورتەیەكی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، كە دەرئەنجام رێككەوتننامەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی لێكەوتەوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینكردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی بودجە و رێز لە مافە و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەكە نەكرێت لە دەرەوەی بڕگەكانی رێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

هەرێم پابەند بووە
سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە كە هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە، بۆیە لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەركی سەرشانی جێبەجێ بكات و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق دابینبكات .

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە وەفدی دانوستانكار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ رێگریكردن لە هەر هەوڵێك بە ئاڕاستەی پێشێلكردنی ماف و شایستەكانی هەرێم كە دەستوور جێگیری كردوون و لە ناو رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەت وپڕۆژە یاسای بودجە رەنگیان داوەتەوە.

جیاكاریی لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عیراق-دا نەكرێت
لەو راگەیەندراوه‌ی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە كە سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندكرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ كاركردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵی ساڵی 2019، بە رەوانەكردنی یەك لەسەر دوانزدەی خەرجییە كردارییەكانی هەرێم لە ساڵی پێشوو كە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی كراوە، هاوشێوەی ئەو میكانیزمەی كە خەرجییەكانی پارێزگاكانی دیكەی عیراقی پێ خەرج دەكرێت لە 2023/1/1 ەوە و نابێت جیاكاریی بكرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عیراق لەم رووەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەك بكەوێتە ئەستۆی لەبەر رۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵی.

لە بڕگەی دووەمی كۆبووەنەوەكەشدا گفتوگۆ لەبارەی دانانی میكانیزمی پێویست كرا بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم و دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و پێشنیاركردنی چەند هەمواركردنێك، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ سەرجەم بڕگەكانی بڕیارەكەی پەسەند كرد بە رەچاوكردنی ئەو هەموارانەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران.

سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران دووپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان كردەوە كە جارێكی دیكە بنەماكانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاڕاستەی بە ناوەندییكردنی داهات وخەرجییەكان و بە ناوەندییكردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم كە كاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجییەكی دیكە و پەیڕەوكردنی یەكسانی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجییەكان (جگە لە مووچە) نەك پەیڕەوكردنی دابەشكردنی رێژەكاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.

ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەكانی راسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ  گەرەنتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەش، بۆردێكی باڵای پشتیوانی پێكهێنرا بۆ ئاسانكاریی و لابردنی بەربەست وئاستەنگەكان.

 هەروەها  رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە بەرزكردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەكان و خزمەتگوزارییەكانیانە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە دەرفەت بدرێت بە ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كە لە هەمانكاتدا ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەتن دوا خستنەڕووی بۆ بكەن، تا ئامادە بكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لە كۆبونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP