نەوەی نوێ پرۆژه‌ی فراكسیۆنه‌كان به‌ پرۆژه‌ی خۆیان به‌ خه‌ڵك ده‌ناسێنن

کوردستان
13:43 - 2023-05-30



فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نیگەرانن لە بردنی پرۆژەکانیان لەلایەنە فراکسیۆنی نەوەی نوێ_وە لە کاتێکدا هیچ ئەندامێکیان لە لیژنەی دارایی نییە، بەڵام جێگیرکردنی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پرۆژە یاسای بودجەدا بەهەوڵی خۆیان خەڵکی لێ تێدەگەیەنن، لەکاتێکدا پرۆژەکە لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی و هەوڵی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنی یەکێتی بووە.

لەترسی نەوەی نوێ بەنهێنی پرۆژە پێشکەش دەکرێت
 چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتی  PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لەبەر ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پرۆژەکانمان نەبات بۆخۆی بە نهێنی پرۆژە پێشکەش دەکەین، کاتێکیش پرۆژەکانمان دەگاتە ئەنجام بە نمونە جێگیرکردنی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پرۆژە یاسای بودجە دەبینین لە سۆشیاڵ میدیاوە هەڵمەتێک دەستپێدەکەن و بە پرۆژەی خۆیان بە خەڵکی دەناسێنن".
 چرۆ حەمە شەریف وتی:"نەک تەنها فراکسیۆنی یەکێتی سەرجەم فراکسیۆنەکانی عیراق بە فراکسیۆنە عەرەبەکانیشە لەنەوەی نوێ تێگەیشتون کەتەنها کاریان بردنی پرۆژەی فراکسیۆنەکانی ترە و هەڵای لەسەر دروست دەکەن، لەکاتێکدا خۆیان خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نین، نەوەی نوێ لە لیژنەی دارایی هیچ ئەندامێکی نییە، بەڵام کاتێک فراکسیۆنی یەکێتی لەڕێی ئەندامەکەیەوە کە د. نەرمین مەعروفە هەوڵی جێگیرکردنی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانیدا بینیمان نەوەی نوێ هەوڵیدا ئەو ڕاستییە بشێوێنێت و بیکات بە پرۆژەی خۆی.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت: "نەوەی نوێ وەک خۆیان دەڵێن کار لەسەر ئەوە دەکات درۆ بکە، درۆ بکە، تا خەڵک بڕوات پێ دەکات، ئەگەر هەموو خەڵکیش بڕوات پێنەکات خۆ نیوەی بڕوات پێدەکات، بێگومان ئەمە ئاڕاستەی خزمەتی نەوەی نوێیەو خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەناو پەرلەمانی عیراقیش فراکسیۆنەکان ئەو ڕاستییە دەزانن".

نامانەوێت وەک نەوەی نوێ موزایەدە بکەین
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەڵامی راپۆرتێکی کەناڵی NRT دەداتەوەو دەڵێت: "نامانەوێت وەک نەوەی نوێ موزایەدە بکەین و ئەوان بێ ئاگاداری ئێمە ئیمزا کۆدەکەنەوەو بۆ چەواشەکاری دەڵێن کە لەگەڵیان نەبوین".

د. موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی راپۆرتێکی کەناڵی NRT دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: "ئێمە نامانەوێت مافەکانی خەڵک ببێت بە موزایەدە وەک ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەیکەن".

موسەنا ئەمین ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:"نەوەی نوێ بە بێ ئاگاداری ئێمە ئیمزا کۆدەکاتەوەو بێ ئەوەی هیچ ئاگادارییەکمان لەسەر بابەتەکە هەبێت، دواتر بۆ چەوشەکاری بڵاوی دەکاتەوە کە ئەوان ئیمزایان کۆکردۆتەوەو یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو، کۆمەڵ لەگەڵیان نەبوین، کەئەمانە جگە لە درۆ و هەڵای راگەیاندن هیچی تر نین و دورن لە ڕاستییەوە"، 

بردنی پرۆژەی فراکسیۆنەکان و بەکارهێنانی وەک دەستکەوت لەلایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە کورد و عەرەبەوە نیگەران کردوە، لەکاتێکدا خۆیان تەنها هەڵای راگەیاندن دروست دەکەن و خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP