وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق هۆشداری ده‌دات له‌ به‌كارهێنانی یارییه‌ ئاگرینه‌كان

تەندروستی
22:48 - 2023-06-27

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، هۆشداریدا له‌ به‌كارهێنانی یارییه‌ ئاگرینه‌كان و ده‌مانچه‌ی میرو له‌ رۆژانی جه‌ژنی قورباندا و داوایكرد، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك فرۆشتنی ئه‌و یاریه‌ ئاگرینانه‌ به‌ منداڵان قه‌ده‌غه‌ بكرێت . 
سه‌یف به‌در وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، پرسی یارییه‌ ئاگرینه‌كان و ده‌مانچه‌ی میرو له‌ هه‌مو بۆنه‌یه‌كدا كێشه‌یه‌كه‌ كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، جا چ جه‌ژن بێت یان ئاهه‌نگی گشتی و ته‌نانه‌ت له‌ پرسه‌كانیشدا له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌ ده‌كڕدرێت و به‌كارده‌هێندرێن. 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌بۆنه‌ و جه‌ژنه‌كانی رابردودا سه‌دان برینداری به‌ڕێژه‌ی جیاواز له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان تۆماركردوه‌ كه‌ هه‌ندێكیان زیانی هه‌میشه‌یی به‌ گلێنه‌ی چاو یان برینداربونی لوت یان گوێی لێكه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕودانی سوتان به‌هۆی یارییه‌ ئاگرینه‌كانه‌وه‌، هه‌ندێكجاریش ده‌بێته‌ هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كاندا.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاشكراشیكرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پێشنیازی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست ده‌كات بۆ ده‌ستنیشانكردن و رێگریكردن له‌ بازرگانیكردن به‌ یارییه‌ ئاگرینه‌كان و ده‌مانچه‌ی میرو، بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌مو جۆرێك نه‌فرۆشرێته‌ منداڵان.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP