دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی لەسەر سکاڵای دژ بە یاسای هەڵبژاردنى هەرێم دواخست

عێراق
13:59 - 2023-11-05



دادگای فیدڕاڵی عیراق بڕیاردانی لەسەر سکاڵایەک کە دژ بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابو دواخست.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 5-11-2023،‌ داگای فیدڕاڵی عیراق سەبارەت بە سكاڵایەک کە دژ به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکرابوون و داواکرابوو پێنج ماددەی یاساکە بە نادەستووری دابنرێت كۆبووه‌وه‌.

دادگاکە بڕیاریدا دانیشتنی خۆی تایبەت بە سکاڵاکە بۆ رۆژی 19-11-2023 دوابخات و لەو رۆژەدا بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدات.

پێشتر سڵێمان مستەفا راگەیاندبوو: "سکاڵاکارەکان داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە ماددەکانی ١، ٩،١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢) بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن".

پێشترش دادگای فیدڕاڵ چەندجارێک دانیشتنەکانی خۆی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە کە زیاتر لە شەش مانگە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە دادگاکە دانیشتنەکانی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخست.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP