قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی سمارت سولی (سلێمانییەکی زیرەک) رادەگەیەنێت

کوردستان
10:49 - 2023-11-14


لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی 239هەمین ساڵیادی شاری سلێمانی کۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی لە شاری سلێمانی بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەستیپێکرد و لەوتەی دەستپێکی کۆنفرانسەکەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: " ئەمڕۆ هاتووین شۆڕشی داتا رابگەیەنین!
" لەبەر ئەوەی خاوەنی داتا نین، ناتوانین وەک پێویست خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەین، بۆیە ئەمڕۆ دەستپێشخەری شۆڕشی داتا رادەگەیەنین".

 ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:"هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشێوەیەکی راستەقینە پێش ناکەون، ئەگەر مۆدێلێک لە حوکمڕانی و گەشەپێدانی ناوچەیی جێبەجێ نەکەین، لە کۆنفراسی میدەوە پڕۆژەی سمارت سولی (شاری زیرەک) رادەگەیەنێت، کە پردێکی پەیوەندییە لە نێوان خەڵک و حکومەت"
 
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو كه‌:"بە هۆی نەبوونی داتای پێویستەوە نەمانتوانیوە خزمەتگوارییەکانمان بەشێوەیەکی تەواو هاوسەنگ بەسەر ناوچە جیاجیاکان دابەشبکەین."

جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم وتی:"ئەزموونی گەشەپێدانی دوو دەیەی رابردوو لە هەرێم پێمان دەڵێت کە شارە گەورەکان و سەنتەری پارێزگاکان گەشەیان کردووە، بەڵام شارۆچکەکان، قەزا، ناحییەکان و تەنانەت گوندەکانیش تا رادەیەک پەراوێز خرابوون.

وتشی:" کوردستان نابێتە وڵاتێکی گەشەسەندو و خاوەن ئابوورییەکی تۆکمە و سەقامگیر، ئەگەر مۆدێلێک لە حوکمڕانی و گەشەپێدانی ناوچەیی جێبەجێ نەکەین، لە مۆدێلی گەشەپێدانی ناوچەییدا، دەبێت بەپێی تایبەتمەندی هەر ناوچەیەک پلانی تایبەت بە گەشەپێدانی ئەو ناوچەیەمان هەبێت و جێبەجێی بکەین."

روونشیكرده‌وه‌:" پلان بەبێ داتای زانستی، لە ئاستی بیرۆکەدا دەمێنێتەوە کە رەنگە بیرۆکەیەکی باش بێت و رەنگە بیرۆکەیەکی هەڵەش بێت، لە رابردووی حکومڕانی کوردستان و عێراقدا، زۆر بیرۆکەی هەڵە بەناوی پلانەوە جێبەجێ کراون و دەرەنجامی خراپیشی لێ کەوتووەتەوە."

" گرنگە میکانیزمێک لە ئیدارەداندا پەیڕەو بکرێت کە خەڵک راستەوخۆ بەشداربن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا و حوکمڕانیمان، یەکەم هەنگاوی شۆڕشی داتا بە پڕۆژەی بایۆمەتری دەستی پێکرد کە وایکرد بۆ یەکەمین جار حکومەتی هەرێم ببێتە خاوەن داتایەکی ورد و دروست." قوباد تاڵه‌بانی وای وت.

راشیگه‌یاند:" لە رێگەی پڕۆژەی سمارت سولییەوە راستەوخۆ خەڵک بەشدار دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گەشەپێدانی کۆمەڵگادا، سمارت سولی دەتوانێت ئەڵقەیەکی پەیوەندی بێت لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و  زانکۆکان و ناوەندە ئاکادیمییەکان و هاووڵاتییان، لە سمارت سولییەوە کێشە بنەڕەتییەکانی حوکمڕانیمان باس دەکەین و داوا لەهاووڵاتییان دەکەین بە فعلی بەشداربن لەچارەسەرکردنیان، سمارت سولی دەکەینە پردێکی پتەو بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان بازاڕ و زانکۆ و ناوەندە ئاکادیمییەکانمان."

باسی له‌وه‌شكرد كه‌:" لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆڕبەندێکی گەنجانەی تەکنەلۆژیی بۆ داهێنان و کارسازی ئەنجام دەدەن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زیرەک بۆ کێشەکانی بەردەم حوکمڕانیی"

دووپاتشیكردووه‌:"پلات فۆرمی سمارت سولی و کۆڕبەندی گەشەپێدان و کارسازیی گانجانمان بەیەکەوە تەواوکەری پڕۆژەکانی خزمەت و چاکسازین لە حوکمڕانی کوردستان."

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌ڵێت:" هەر بە تۆماری بایۆمەترییەوە نەوەستاوین، پرۆگرامی خزمەت و ژمارەی کەسیی بێهاوتا و چەندین هەنگاوی دیکەش نراون، کە هەموو ئەمانە بە ئاراستەی شۆڕشی داتا و بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومڕانییە لە کوردستاندا."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP