عیماد ئەحمەد: پێویستە دراوسێکانمان سەروەریمان بپارێزن

جیهان
20:31 - 2024-02-10

عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە نوێنەرایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دا کرد کە لە کونسوڵخانەی ئێران لەسلێمانی بەڕێوەچوو.

لەوتەیەکدا عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی باسی لە ئەو گۆرانکاییانە کرد کەبەهۆی شۆڕشی ئیسلامیەوە هەم لە ئێران و هەمیش لە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە و رایگەیاند:" رژێمی شاهەنشای ئێران دۆستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و دوژمنی گەلانی ناوچەکە بوو، بەجۆرێک  رۆڵ و دەستی هەبوو لە شکستپێکهێنانی شۆڕشی ئەیلول کە گەورەترین شۆڕشی گەلی کورد بوو لە عیراق".

لەو مەراسیمەدا کە سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران ونوێنەری ژمارەیەک لەحزب و لایەنەسیاسییەکان ئامادەیبوون، عیماد ئەحمەد دووپاتیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەیاد ناکات کە پشتیوانی گەلی کوردبووە لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆرەوی گەلی کورد و شەڕی تیرۆریستانی داعش و وتی:"کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بوو لە دژی دیکتاتۆری عیراق و رژێمی بەعسی سەدامی" و رۆڵی رەوانشاد سەرۆک مام جەلالی بەبیرهێنایەوە کە ئەندازیاری ئەو پەیوەندییە بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و باڵای گەلەکەمان.

عیماد ئەحمەد دووپاتیکردەوە کە پێویستە وڵاتانی دراوسێمان خاک و سەروەرییمان بپارێزن، وەک چۆن ئێمە نابینە بەشێک لە کێشە بۆ دراوسێکانمان، بەڵکو بەشێک دەبین لە چارەسەر.

هەروەک دووپاتکردەوە کە دەتوانرێت بەزمانی دیالۆگ و ئاشتی ئاسایش و ئارامی بۆ هەردوولا دەستبەر بکرێت و وتی: "ناوچەکە لە کێشەدایەو یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت گەل و ناوچەکەمان لەشەڕ و ناسەقامگیری بپارێزێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP