داوا ده‌كرێت توركيا ئابلوقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت

عێراق
15:37 - 2024-02-14


سەرۆکی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییکردنی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت: "فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ گرفتێکی تەکنیکی و ئیداری نیە". داواشده‌كات تورکیا پێداچونەوە بە بڕیارەکانی سەبارەت بە فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکات.

لە پارێزگای بەسرە لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییکردنی پەرلەمانی عیراق لەگەڵ عەلی رەزا کۆنای باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و کونسوڵی تورکیا لە بەسرەو وەفدێکی باڵای وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا کۆبووەوە، هەروەها لیژنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە باڵیۆزی تورکیا لە عیراق کرد، ئابلوقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت.

سەرۆک مام جەلال ئەندازیاری پەیوەندیی نێوان تورکیا و گەلی کوردستان بوو
کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "داوامکرد وەک دەستپێشخەرییەک بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، تورکیا ئابلۆقەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی لاببات، کە زیاتر زیان له‌ هاووڵاتییان ده‌دات".

کاروان یاروەیس وتی:"یەکێتی حزبی سەرۆک مام جەلالە کە ئەندازیاری ئاشتیی و پەیوەندیی دۆستانەی نێوان تورکیاو  گەلی کوردستان بووە"

فڕۆکەخانەی سلێمانی گرفتی تەکنیکی نییە
زەهرە ئەلپەجاری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییکردنی پەرلەمانی عیراقیش رایگەیاند: "وەک ئەرکی لیژنەکەمان بەدواداچوونمان کردوەو فرۆکەخانەی سلێمانی هیچ گرفتێکی تەکنیکی و ئیداری نیە و داوای کرد تورکیا پێداچونەوە بەبڕیارەکانی سەبارەت بە فرۆکەخانەی سلێمانی بکات".
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP