دەستدرێژکەر بۆسەر موڵکی گشتی و تایبەت لەناو یەکێتی جێگای نابێتەوە

کوردستان
16:41 - 2024-02-14



لەسەر بنەمای وتەیەکی سەرۆک مام جەلال کە دەڵیت: "کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکێتییەکەی خۆتان"، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم قۆناغەدا بە گڕوتینێکی نوێوە دەیەوێت خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات، لەم ڕوانگەیەشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لێپرسراوی مەڵبەندەکانی راسپارد کە "هەرچی لە توانایاندا هەیە بەپێی یاسا خزمەتی خەڵک بکەن و بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن"، وتیشی: "دەستدرێژیکردنە سەر خەڵک و مافەکانیان هێڵی سوورەو یاساشکێنی لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکەین".

یەکێتی حزبی بەرپرسیارێتییە
سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:"لەدواین کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەکانی یەکێتی، ئەوە دووپاتکرایەوە کە زۆرتر بچینە ناو خەڵک و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرین، هەروەها ئەوەندەی بتوانین توانا حزبییەکانمان بەکاربهێنین بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵک".

لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان وتی:راستە وەکو مەڵبەندەکان ئەرکمان کاری رێکخستنی حزبە، بەڵام لەبەرامبەریشدا یەکێتی حزبی بەرپرسیارێتی خەڵک و بەڕێوەبردنەو لەو چوارچێوەیەشدا ئەرکمانە بەدەم داواکاری و داخوازی و کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیانەوە بچین و هاوکارو پشتیوانیان بین" 

سەروەری یاسا
لە کۆبوونەوە سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکان تەئکید لە پاراستنی سەروەری یاسا و چاوپۆشینەکردن لە یاساشکێنان کراوەتەوە.

لوقمان وەردی لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بافڵ، تەئکید لە پاراستنی سەروەری یاساو چاوپۆشی نەکردن لە یاساشکێنان کرایەوەو جارێکی دیکە دووپات کرایەوە کە کەسی دەستدرێژکەر بۆسەر موڵکی گشتی و تایبەت لەناو ریزەکانی یەکێتی دا جێگای نابێتەوە".

"ئارامی و پاراستی ژیانی خەڵک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم سنوورە زۆر گرنگە و لەم ڕوانگەیەشەوە سەرۆکی یەکێتی پێی راگەیاندین دەستدرێژیکردنە سەر مافەکانی خەڵک هێڵی سوورە و پیویستە پارێزەری ژیان و گوزەرانی خەڵک بین"، لێپرسراوەکەی مەڵبەندی راپەڕین وای وت.

پلەی حزبی بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربێت
سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکان تەئکیدی کردووەتەوە کە پێویستە پلەوپایە حزبییەکانمان بۆ بەرژەوەندی خەڵک بەکاربهێنین نەک بەرژەوەندی تایبەت.

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "وەک پێشتر سەرۆک بافڵ رایگەیاندبوو، بەکارهێنانی پلەوپۆست بۆ بەرژەوەندی تایبەت جێی قبوڵ نییە، لە کۆبوونەوەکەشماندا لەگەڵیدا جارێکی دیکە تەئکیدی کردەوە کە پێویستە پلەوپایە حزبییەکانمان بۆ بەرژەوەندی خەڵک بەکاربهێنین نەک بەرژەوەندی تایبەت".

"وەک لەپەیڕەوی ناوخۆی حزبدا هاتووە، مەڵبەندەکان گەورەترین دامەزراوەی حزبی شارەکانن، کەواتە گەورەترین بەرپرسیارێتیشمان دەکەوێتە سەرشان و هەوڵدەدەین خزمەتکاری خەڵک بین و ببینە سەرچاوەی چارەسەری کێشەکان و مەڵبەندەکان بکەینە ماڵێک بۆ هەمووان"، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک وای وت.

 دوێنێ سێشەممە 13-2-2024، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی یەکێتی کۆبووەوە و ستایشی رێكخستنەكانی یەكێتیی كرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە حزبییەكان و رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی هەموو یەكێتییەكانە لە هەر پلە و پایەیەكدا بن كار بۆ خزمەتی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان بكەن"، ئاماژەی بەوەشدا: "بۆئێمە پاراستنی ژیانی خەڵك و ئارامیی كوردستان لەهەموو شتێك پیرۆزترە، بۆیە جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە هەر لێپرسراوێک لە هەر بەرپرسیارێتییەكی حزبی، حكومی و ئەمنیدا بێت و ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین و رادەستی یاسای دەكەین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP