له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا په‌رله‌مانی عێراق یاسایه‌كی نوێ تایبه‌ت به‌ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌رده‌كات و سودانیش ده‌ڵێت، به‌هێزبووینه‌و چیتر پێویستمان پێیان نه‌ماوه.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به سه‌ردانێك له هۆڵه‌ندایه، له‌گه‌ڵ مارك ڕووته‌ی هاوتا هۆڵندییه‌كه‌ی كۆبووه‌وه، سودانی جه‌ختی له په‌ره‌سه‌ندنی تواناكانی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق كرده‌وه و رایگه‌یاند، پێویستمان به مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژ به داعش نه‌ماوه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، موحسن مه‌نده‌لاوی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی ئێستای ئه‌نجومه‌نه‌كه به‌وه‌كاله‌ت ڕایگه‌یاند، به‌پێی هه‌موو به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان، سوپا‌و هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌ئاستێكی زۆر به‌هێزو پێشكه‌وتوودان و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سه‌قامگیری وڵات پێویستیان به‌هیچ هێز و لایه‌نێكی تر نییه، له‌ئێستاشدا عیراق پێویستی به‌هیچ هێزێكی بیانی نییه بۆ پاراستنی.
وتیشی، هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو خاكی عیراق و كردنه ئامانجی كه‌سایه‌تییه‌كان پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌و، بووه‌ته هۆی ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتۆن و به‌غدا، بۆیه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سووره له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا یاسایه‌كی نوێ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌رده‌كه‌ن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP