سەرۆک بافڵ لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی میری قەتەر کۆبووەوە

عێراق
14:37 - 2024-02-17

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی دووەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ محەمەد بن ئەحمەد بن عەبدوڵا ئەلمەسنەد، راوێژکاری میری قەتەر بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین گۆڕانکارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە بەشێوەیەک هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بنەمای کار و هەنگاوەکانی داهاتوو بێت.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی گرژی و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی، پێویستە هەموولایەک بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و لایەنەکان دانبەخۆیاندا بگرن، داهاتووی ناوچەکە پەیوەستە بە بڕیاری حەکیمانەوە، باشترین بژاردە گەڕانەوەیە بۆ دیالۆگ و زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەی بەربەست لەبەردەم ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دروستدەکەن.

لەدرێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ پێویستیی گەشەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان قەتەر و هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە بەشێوەیەک هاریکارییەکان لەخزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا، بەهێزکردنی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP