سه‌رۆك بافڵ له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ راوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە

جیهان
14:09 - 2024-02-18

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی سێهەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ دکتۆر ئەنوەر گەرگەش، راوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ئیمارات، شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا  جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش کرایەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاریکاری هاوبەشی زیاتر لەنێوان هەردوولا بەشێوەیەک خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی زیاتر بکات و وتی لەگەڵ ئەوەداین کاری پێکەوەیی لە ناوچەکە پەرەی پێبدرێت و هەموو لایەک هاوکاربێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا چونکە دۆخەکە هەستیارە و پێویستی بە بڕیاری دروست و سیاسەتی حەکیمانە هەیە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی و ئابووری ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی دیالۆک و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنەکان لەپێناو دۆزینەوەی دەرەچەی دروست بۆ کۆتاییهاتن بە کێشەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەبارەت بە هەرێم و عیراق بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و سەرۆک بافڵ رۆشنایی خستەسەر هەوڵە بنیادنەرەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی و رێککەوتنی نیشتمانیی لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری و هاوبەشێتی راستەقینە کە دیدگاکەی هێنانەدی ئامانجە باڵاکان و پێشکەشکردنی خزمەتکردنی زیاتر بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP