ئاژانسی ڕۆیتەرز
لەزاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکیهوه ئاشكرایكردوه، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
لەکاتی جەنگی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل، ئامادەکارییان کردبوو بۆ ئەوەی لەڕێگهی مینی
دەریاییەوە گەروی هورمز دابخەن.
ئەو دوو بەرپرسە
ئەمریکییە پشتڕاستیشیانکردوەتەوە، زانیارییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەریدەخەن، کۆماری
ئیسلامیی ئێران مینە دەریاییەکانی لەسەر کۆمەڵێک کەشتیو بەلەم سوار کردبوو، بەڵام
لەگەروی هورمز جێگیری نەکردن.
ڕۆیتەرز ڕاشیگەیاندوە،
ئەمکارەی ئێران دەسەڵاتدارانی ئەمریکای زۆر نیگەرانکردبوو، بەم حاڵەش بەوتەی دوو بەرپرسە
ئەمریکییەکە، ڕەنگە ئەم کارەی ئێران بۆ فریودانی وڵاتانی جیهان بوبێ بەمەبەستی
فشارخستنەسەر ئەمریکا بۆ ڕاگیرانی جەنگ، بەبێئەوەی بەڕاستی بەنیازی داخستنی گەروی
هورمز بوبێ.
دوو ڕۆژ بەر
لەئاگربەستی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، پەرلەمانی ئێران بڕیاری داخستنی گەروی هورمزی
پەسندکرد، بەڵام ڕاشیانگەیاند، بڕیاری کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پەسندکراوە لەدەست
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێراندایە.
ئێران زیاتر
لە20 ساڵە هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز دەکات، بەڵام تائێستا ئەم هەڕەشەیەی بەکرداری
جێبەجێنەکردوە.
گەروی هورمز
یەکێک لەگرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی جیهانە کە 25٪ی کۆی نەوتی هەناردەکراوی
جیهان بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت و هەر جۆرە داخستنێکی، دەتوانێ بازاڕی وزەی جیهان
توشی قەیرانی گەورە بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP