سەرۆك بافڵ: نامانەوێت خاکەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان

جیهان
21:49 - 2024-02-18

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ستیفن بیگن، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بۆینگ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکارییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و ئەمریکا جەختیلێکرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ، پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ یەکخستنی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستن و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان، نامانەوێت خاکەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئاسایشی خەڵکەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.

لەبەرامبەردا ستیفن بیگن بەڕێزەوە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلالی بۆ پاراستنی تەبایی و ئاسایشی عیراقی وەبیرهێنایەوە و وتی، خۆشبەختم لە سەردانەکانمدا بۆ عیراق لە نزیکەوە سەرۆک مام جەلالم بینیووە و گفتوگۆمان لەبارەی پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکە کردووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP