ریال مەدرید هەوڵی پارێزگاریكردن لە قەڵەم رەوییەكەی دەكات

وەرزش
14:00 - 2024-02-25

ریال مەدرید هەوڵی پارێزگاریكردن لە قەڵەم رەوییەكەی دەكات
ئامادەكردن  - ئاكۆ بیبانی 
یانەی ریاڵ مەدرید بەمەبەستی درێژەدان بە دەسەڵاتی قەڵەم ڕەوییەكەی لە وڵاتەكەی جەنگێكی نوێ هەڵدەگیرسێنێت و دەیەوێت یانەی سیڤییا بكات بە قوربانی ئامانجەكەی و لەو ئاڵنگارییەدا چۆكی پێ دابدات و ئاڵای سپی بە سێرجیۆ رامۆس و هاورێكانی هەڵبكات و سنور ڕەوی قەڵاكەی مەحكەمتر بكات، كاتێك لە یەكێك لە یارییەكانی هەفتەی 26 ی خولی یانەكانی ئیسپانیا میوانداری یانەی سیڤییا دەكات ، بەر لەو یارییە یانەی شاهانە بەكۆكردنەوەی 62 خاڵ پێگەی یەكەمی ریزبەندی لالیگای بەناوی خۆیەوە چەسپاندوە ، دۆخی یانەی میوانیش هیچ باش نیە كاتێك لە پلەكانی كۆتایی ریزبەندی و بە دیاریكراوی لە پلەی 15 یەمین جێگیربووە ، لە مێژوودا هەردوو یانە 185 جار بەرەنگاری یەكتربونەتەوە ، لەكۆی بەرەنگاربونەوەكان یانەی مێرەنگی پشكی شێری بەركەوتوەو لە 101 یاریدا تامی سەركەوتنی كردوە ، یانە ئەندەلوسییەكەش دەستەو وەسان نەبووەو توانیوێتی لە 53 یاریدا ڕیاڵ مەدرید ببەزێنێت ، هەمیشە یاری نێوان هەردوو یانە پڕ بووە لە ململانێ و جەنگ ، لە خێرایی و توندو تیژی ، بەر لەدەسپێكی یارییەكەش سیڤییا هێندەی دیكە بارودۆخ و گۆمەكەی شلەقاند كاتێك بەرەسمی لەیەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا سكاڵای تۆماركرد دژی یانەی ریاڵ مەدرید بە بیانووی ئەوەی ئەو یانە ئیسپانیە سود لە داوەران وەردەگرێت و هەمیشە بڕیارەكان لەبەرژوەندیان بووە ، یاری چوونی نێوان هەردوو یانە  بەیەكسانبوون بە گۆلێك كۆتایی هاتبوو ، بۆ ئەو یارییە كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر بەدەست پێكانی ئەستێرەكانیەوە دەنالێنێت كە كاریگەرترینیان جۆد پیلینگهامی ئینگلیزی و ئەندازیاری هێڵی ناوەند و سەركردەی راستەقینەیە ، بەدەر لەوەی هەفتەی پێشوو خۆسیلۆی هێرشبەریش دوچاری پێكان هات و هێندەی دیكە بارودۆخی كەتیبەكەی ئەنچیلۆتی قورستركرد ، سەرچاوە هەواڵیەكانی ئیسپانیا ئەوەیان ئاشكراكردوە بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرەی لە 16 ساڵی رابردوو پێشكەشی یانەی مێرەنگی كردوە ئیدارەی ریاڵ مەدرید دەیەوێت بەر لەدەسەپێكی یاری نێوان هەردوو یانە رێزلێنان پێشكەش بە كاپتنەكەی پێشووی بكات كە سێرجیۆ رامۆسە . 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP