مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتی: خه‌ریكه‌ ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌هه‌ولێر ده‌بێته‌ دیارده‌

کوردستان
18:23 - 2024-02-28


مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه‌و  ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌ كه‌:"دیسان ڕ‌وداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ زیانێكی گه‌وره‌ی له‌كاسبكارانی بازاڕ‌ی له‌نگه‌ی هه‌ولێر دایه‌وه‌و خه‌ریكه‌ ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌هه‌ولێر ده‌بێته‌ دیارده‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌مڕۆی 28-2-2024 مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ سوتانی بازاڕی له‌نگه‌ كه‌ كۆپییه‌كی بۆ PUKMEDIA نێدراوه‌، ئاشكرای ده‌كات:" به‌شێكی زۆری كاسبكارانی بازاڕ‌ه‌كه‌، گومانیان هه‌یه‌ له‌ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا، بێگومان ئه‌م گومانانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ولێر ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی گه‌وره‌ له‌به‌رامبه‌ر خوداو خه‌ڵكی كاسبكاری ئه‌م بازاڕ‌ه‌و هه‌موو هه‌ولێریه‌كان" .

"پێویسته‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگری ئه‌مجاره‌ی بازاڕ‌ی له‌نگه‌ی هه‌ولێر، زۆر وورد و به‌دیقه‌ت بن له‌دیاریكردنی هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌و نه‌یخه‌نه‌ ملی قه‌زاو قه‌ده‌رو ده‌بێت ئه‌م گومانانه‌ ساغ بكه‌نه‌وه‌"، له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر یه‌كێتیدا واهاتووه‌.

ئاگره‌كه‌ی بازاڕ‌ی له‌نگه‌ی شاری هه‌ولێر زیانی ماددی به‌نزیكه‌ی 800 دوكانی جۆراوجۆر گه‌یاندو لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ پێكهێندراوه‌، به‌رگریی شارستانی شاره‌كه‌ش ئاشكرایده‌كات، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان 40% ـی بازاڕ‌ه‌كه‌ سووتاوه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتیدا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو:" له‌مه‌ڵبه‌ندی 3 ی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوخه‌می كاسبكاره‌ لێقه‌وماوه‌كانی ئه‌م بازاڕ‌ه‌ین و ئه‌م خه‌م و كاره‌ساته‌ به‌هی خۆمان ده‌زانین و ئاماده‌ی پشتیوانی و هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌كین بۆ تێپه‌ڕ‌اندنی ئه‌م كاره‌ساته‌و له‌ڕ‌ێگه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان بۆ قه‌ره‌بووی به‌شێك له‌ زیانه‌كان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ".

مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر داوا له‌ئیداره‌ی مه‌حه‌لی هه‌ولێر ده‌كات، به‌زووترین كات بازاڕ‌ه‌كه‌ نۆژه‌نبكاته‌وه‌و ئامێره‌كانی ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌ختیش دابنێن .

پێشتر PUKMEDIA، راپۆرتێكی لەبارەی هەوڵەكانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی رووداوی ئاگرەكەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بڵاوكردبووەوە، دەتوانن لەم لینكەوە خوێنەری بن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP