سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی: هەژمونی ئێران و توركیاو وڵاتانمان لە عیراق ناوێت

عێراق
13:06 - 2024-03-04

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری لەدیداری رافیدەین لە بەغدا كرد، لەپانێڵێكدا كە لەلایەن خاتوو كیم دۆزیری رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارەوە پێشكەشكرا، سەرۆك بافڵ تیشكی خستەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و بەبڕیاری یەكلاكەرەوە ناوی بردن، هاوكات ئاماژەی بەپەیوەندییەكانی عیراق و ئەمریكا كردو رایگەیاند: "پێویستە رێككەوتنی نوێ ئەنجامبدەن"، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی یەكێتی-يش لەگەڵ وڵاتی توركیادا ئاماژەی بەوەدا: "نامانەوێت توركیا وەك دوژمن لێمان بڕوانێت و پشتیوانی هیچ گروپێكی چەكداریش لەدژی ناكەین، هاوكات سازشیش لەسەر هەڵوێستەكانمان ناكەین".

رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەكەدا رایگەیاند: "بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، بڕیارێكی گران بوو بۆ ئێمە، بەڵام رێز لە یاسا دەگرین و پابەندی بڕیارەكان دەبین، بەڵام دەبێت بپرسین بۆ كار گەیشتە ئەوەی كە دادگای فیدراڵی دەستوەردان لەپرسە چارەنوسسازەكانی هەرێم بكات، كە بە بۆچوونی من پەیوەندی بەو ناداد پەروەری و یاسا شكێنییەوە هەبوو كە روویاندەدا، هاوكات ئەگەر وەك كورد لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتی یەكگرتوو بووینایە، ئەو بابەتانە نەدەگەیشتنە دادگای فیدراڵی".

"كێشەیەك هەبوو كە هەندێك كەس پێیان خۆشبوو لەسەر كورسی دەسەڵات دابنیشن و تۆمەتەكان بخەنە ئەستۆی لایەنی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك گەلی كورد شانازی بە مێژووی خۆمانەوە لەعیراق دەكەین، بەڵام ئەگەر یەكگرتووتر بووینایە، بێگومان سەركەوتووتر دەبووین، هاوكات دەبێت ئەوەشمان لە یادنەچێت كە ئێمە دۆستی ئەمریكی و ئێرانی و عیراقی و بەریتانیشمان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتێكی روون و واقعبینی هەیەو بەپێی بارودۆخەكە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەكان دەكات و ناكرێت وەك دوژمن لە حكومەتی عیراق و هاوپەیمانانمان بڕوانین، بەپێچەوانەوە دەبێت هاوكارو پشتیوانی یەكتربین" سەرۆك بافڵ وادەڵێت.

رێگەنادەین هیچ گروپێكی چەكدار ببێتە مەترسی بۆسەر دراوسێكانمان
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: "پێمان وانییە پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*كە*كە*) دوژمنمان بێت، هاوكات ناشمانەوێت هیچ گروپێكی چەكدار لە خاكەكەمانەوە ببێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێك، یەكێتی ئامانجێتی لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەكی بەهێزتری هەبێت و كار بۆ بەرژەوەندی هاوبەش بكات، هاوكات ئێمە وەك دوژمن لەحكومەتی عیراق ناڕوانین".

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز ئامادە نییە هاوكاری هیچ گروپێكی چەكدار بكات كە ببێتە مەترسی بۆ سەر توركیا، هاوكات نیگەرانین لە هێرشە درۆنییەكانی توركیا كە لەماوەی رابردوودا سێ هاوڕێی ئێمەیان لە باشترین هێزەكانی روبەڕوبوونەوەی تیرۆرستان شەهید كرد، بۆیە داواكارم لەتوركیا كە بە سەرچاوە هەواڵگرییەكانیدا بچێتەوەو وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا نەكات، هاوكات دەرگامان بۆ گفتوگۆو لێكتێگەیشتن كراوەیە، بەڵام لەژێر هیچ فشارێكدا سازش لە هەڵوێستەكانی خۆمان ناكەین".

عیراق و ئەمریكا رێككەوتنی نوێ ئەنجامبدەن
لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "كارێكی ناڕەوایە ئەگەر بڵێین عیراق لەلایەن وڵاتێكەوە داگیر كراوە، بەڵام دەكرێت حكومەتی عیراق زیاتر كۆنترۆڵی رەوشی ئەمنی بكات و رێككەوتنی نوێ لەگەڵ ئەمریكادا بكات، هاوكات پێویستیشە عیراق پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان بكات و دەبێت پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ ئەمریكادا بۆ سوودی گەلی عیراق بێت".

"دەبێت لەوە تێبگەین كە ئەمریكا بۆ كارێك هاتووەتە عیراق و گرنگە كارەكەی تەواو بكات، چونكە تا ئێستاش لە پرسی روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو چەندین پرسی دیكە پێویستمان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، لەكاتێكدا ئەمریكییەكان لە عیراق میوانن و پێویستیان بە سەقامگیری ئەمنی و پارێزراویی هەیە، لەم روانگەیەشەوە دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت كە راستە داعش لاواز بووە، بەڵام هێشتا مەترسییە بۆسەر عیراق، هاوكات ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە تاوانی گەورەی بەرامبەر بە كوردو ئێزدییەكان ئەنجامداوەو پێویستە تیرۆرستان دەستگیر بكرێن و روبەڕووی یاسا بكرێنەوە" سەرۆك بافڵ وایوت.

پێویستە واشنتۆن تێبگات كە ئێران هاوبەشێكی گەورەی عیراقە 
لەبارەی روانینی واشنتۆن-یشەوە بۆ پەیوەندییەكانی عیراق و ئێران، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "پێویستە واشنتۆن لەوە تێبگات كە ئێران هاوبەشێكی گەورەیە بۆ عیراق و سنوورێكی جوگرافی زۆریان بەیەكەوە هەیە، هەرچەندە عیراق سەروەری خۆی هەیە، بەڵام بەرژەوەندی گەلەكەی و توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان پێویستە لەهەنگاوە لەپێشینەكانی بێت".

دژی جەنگین
سەرۆك بافڵ ئەوەشی راگەیاند: "ئەگەر ئەمریكا پشتیونی لە ئیسرائیل بكات، بێگومان زیان بەخۆی دەگەیەنێت، راستە لەئێستادا قەیرانێكی مەترسیدار رووی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، كە زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە، بەڵام دەمانەوێت ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا رابگەیەندرێت و كۆتایی بە زیانە مرۆییەكان بهێندرێت، چونكە بۆ ئێمە گیانلەدەستدانی منداڵێك لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت وەك یەكەو نامانەوێت هیچ وڵاتێك لە جەنگدا بێت".
 
دیدارەكە بەناونیشانی ئایندەی مرۆڤایەتی، قەیران و گۆڕانكاییەكانەوەیە و تێیدا 11 پانێل و 6 دیداری تایبەت پێشكەش دەكرێن، كە لە 3 ئادارەوە دەستیپێكردووە و تاوەكو 5ی ئادار بەردەوام دەبێت و تێیدا زیاتر لە 1000 كەسایەتی سیاسیی و ئەكادیمی لە 35 دەڵەتی جیاوازەوە بەشدارن.










بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP