بۆ بنیادنانەوەی شەنگال 50 ملیار دینار تەرخانده‌كرێت

ئابوری
18:38 - 2024-03-04



محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كه‌ لە قەزای شەنگال به‌ڕێوه‌چوو راگه‌یاند،  بڕیاریانداوە بڕی 50 ملیار دینار بۆ سندوقی بنیادنانەوەی شەنگال لە یاسای بودجە تەرخان بکەن.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووه‌، پارێزگای نەینەوا پێویستی بە هەوڵ و کاری دو هێندەیە، ئەویش بەهۆی ئەو وێرانکەرییەی لە سەردەمی جەنگی داعش بەسەریدا هاتوە، تاوەکو بتوانرێت سەرجەم کێشەی هاوڵاتییەکانی چارەسەر بکرێت.

 سودانی ئاماژەی بۆئەوەشکردووه‌، حکومەتی فیدڕاڵی پابەندە بە پشتیوانیکردنی حکومەتە خۆجێییەکان، پێشەنگی کاری پارێزگارەکانیش جیاوازی نییە لەگەڵ پێشەنگی کارەکانی حکومەت، لە خزمەتگوزاری، دابینکردنی هەلی کار، چارەسەری هەژاری و چاکسازی ئابوری.
 
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستووەته‌ڕو، ئەوەی پارێزگای نەینەوا جیادەکاتەوە سامان و پێگە جوگرافییەکەیەتی، ئەوەش وای لێدەکات ببێتە ناوەندێکی ئابوری گرنگ لەسەر ئاستی نیشتمانی، بۆیە پێویستە پشتیوانی لە کەرتی تایبەتی نەینەوابکرێت و بپارێزرێت لە بەکارهێنانی خراپ.

باسی لەوەشکردووه‌، ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە قەزای شەنگال وەک پەیامێکە بۆ هاوڵاتیانی قەزاکە، لە ئامادەیی حکومەت بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراونی بنیادنان و دانانی چارەسەر لەسەر ئاستی شایستەی دارایی.

محه‌مه‌د سیاع سودانی ئاشکرایکردووه‌، کارەساتی ئێزدییەکان بووە بە هێمایەکی جیاوازی مێژووی عێراق لە خۆراگری و قوربانیدان، بڕیارشیانداوە بڕی 50 ملیار دینار بۆ سندوقی بنیادنانەوەی شەنگال لە یاسای بودجە تەرخان بکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP