یه‌كێتیی و سۆسیال دیموكراتی كوردستان: هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئه‌نجامبدرێت

کوردستان
14:34 - 2024-03-09

یه‌كێتیی و سۆسیال دیموكراتی كوردستان: هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئه‌نجامبدرێت

وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گوڵه‌خانه‌ سه‌ردانی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانیان كردو له‌لایه‌ن سەرۆکی حزبه‌کە و وەفدی یاوەرییەوە پێشوازییان لێكرا.

محەمەدی حاجی مەحمود: پارێزەری قەوارەی هەرێم دەبین
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند:" لەگەڵ یەکێتی هاوڕابووین کە پارێزەری قەوارەی هەرێم بین و شەرعییەت بۆ دەزگا دەستوورییەکانمان بهێڵینەوە".

راشیگەیاند:" دەمانەوێت بە هەموو لایەکمان پارێزەری دەستکەوتەکانمان بین، هاوکات پارێزگاری لەدەزگا رەسمییەکانی حکومەتی هەرێمیش بکەین، بەتایبەت لەئێستادا کە هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تیدەپەڕێت".

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: کوردستانێکی بەهێزمان دەوێت
دواتر دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند:" لەدوای پێنجەمین کۆنگرە یەکێتی بە دروشمی تەبایی نێوان لایەنەکان بۆ کوردستانێکی بەهێز سەردانی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەی کردووە و سەردانی ئەمجارەشمان بۆلای پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەو چوارچێوەیەدایە".

راشیگەیاند:" لەسەردانەکەماندا پشتیوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان بۆ سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دووپاتکردەوە، هەمووکات پارتی سۆسیالست-مان بە هاوپەیمانی خۆمان زانیوە".

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیشەوە لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند:" لەگەڵ ئەوەی بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمان هەنگاو دەنێین، بەڵام باوەڕی تەواومان بە یەکڕیزی راستەقینە هەیە و یەکێتی بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنەکە بە لیستی سەربەخۆ بەشداربێت، هاوکات لەهەرشوێنێکیش پێویست بکات هاوپەیمانێتی ئەنجام دەدەین"، هەروەها لەبارەی کورسی پێکهاتەکانیشەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند:" لەگەڵ دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکاندا بووین بەسەر بازنەکاندا، نەک لابردنی سەرجەم کورسییەکانیان".

 PUKMEDIA  ده‌ڵێت بەپێی زانیارییەکان:" هەرلە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێکەوە ژیان و کارکردن لەچوارچێوەی رێکخراوەییدا بە گفتوگۆی سەردەمیانە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان کراوەتەوە، هاوکات چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عیراقی فیدراڵ و گفتوگۆ لەبارەی مووچەو ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بووە."

وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و به‌یاوه‌ری د.میران محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌یسه‌ڵ كه‌ریم خان و سالار لاله‌ سه‌رحەد و له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و عومەر حاجی ئەحمەد لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور بوو، کە له‌لایه‌ن محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و وه‌فدی یاوه‌رییه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP