چاڤی وەرزی داهاتووش ڕاهێنەری بارسێلۆنا دەبێت

وەرزش
12:57 - 2024-03-19

چاڤی وەرزی داهاتووش ڕاهێنەری بارسێلۆنا دەبێت

ئامادەكردن و نوسینی – هەڵوێست زوهێر 

لە سەرەتای وەرزدا ئاستی تیپەكەیان لە جێی خواستی هاندەران و ئیدارەی یانەكەیان نەبوو، بە بارودۆخێكی خراپدا تێدەپەڕین، بەڵام لە ئێستادا یانەی بارسێلۆنا، گۆڕانكاری بەسەر ئاستیدا هاتوە، چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری یانەكەش، بەردەوام لە لێدوانەكانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە دوای ئەوەی كە بڕیاری وازهێنانی داوە لە یانەكە، تیپەكە باشتر بوە.

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵی ئاشكرایانكردوە: ڕافا یۆستێی جێگری سەرۆكی یانەی بارسێلۆنا، هەوڵ بۆ مانەوەی چاڤی دەدات لە یانەكەیان، وە دەستەی كارگێڕی یانە كەتەلۆنیەكە، لە چەند رۆژی رابردوو كۆبونەتەوە، بەڵام نەگەیشتونەتە هیچ ڕێككەوتنێك تا بتوانن بڕیار لەسەر ڕاهێنەری داهاتووی یانەكەیان بدەن، كەوا بڕیار بوو لە كۆتایی ئەم مانگە، یاخود سەرەتای مانگی داهاتوو ڕاهێنەری نوێ دیاریی بكەن.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویكردۆتەوە: تا ئێستا چەندین ناو بۆ وەرگرتنی ئەركی ڕاهێنەرایتیكردنی بلوگرانا پێشنیاركراوە، وە بەهێزترین پاڵێوراویش بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركە، یۆرگن كلۆپی ئەڵمانیە، بەڵام بڕیاری كۆتایی و سەرجەم دەسەڵاتەكان بۆ دەستنیشانكردنی ڕاهێنەری یانەكە، بەخشراوە بە خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بارسا.

سەرچاوەی هەواڵەكە ئەوەشی بڵاوكردۆتەوە: تەواوی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەی بارسێلۆنا، كۆك بونە لەسەر ئەوەی یانەكەیان بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، تیپەكەیان لە ئێستادا پێویستی بە پاڵپشتیكردن و گرنگیدانە بە دەروونی یاریزانەكان، پێویستە لە ئێستادا زیاتر تیشك بخەنە سەر بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و گەیشتنیان بە قۆناغەكانی داهاتووی چامپیۆنس لیگی ئەوروپا، بۆیە بڕیاری دیاریكردنی ڕاهێنەری نوێیان، هەم سڕ كردوە، وە هەم دواخستوە.

لەو كۆبونەوەیەدا، خوان لاپۆرتا پاڵپشتی بۆچونەكەی ڕافا یۆستێی جێگری كردوە و وتویەتی: لە ئەگەری شكستهێنانمان بە یانەی پاریس سان جێرمان، ئەوا هەوڵ بۆ قایلكردنی چاڤی هێرناندێز دەدەم، تا ساڵێكی دیكە لەگەڵمان بەردەوام بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP