پاو كۆبارسی، لە هەر دەركەوتنێكیدا مێژوویەك دەنوسێتەوە

وەرزش
14:41 - 2024-03-23



ئامادەكردن و نوسینی – هەڵوێست زوهێر 

كاتێك تۆپ لە ركابەرەكانی وەردەگرێت، زۆر بە زەحمەت دەتوانن ئەو تۆپەی لێ وەربگرنەوە، كاتێك هێرشی خێرا، یاخود هێرشی هەڵگەڕاو لەسەر یانەكەی دەبێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە، زۆر بە خێرایی توانی ناوی خۆی لە مێژوو بنوسێتەوە، خاوەن ئاستێكی بەرز و ناوازەیە و زۆر بە خێرایی یاریی دەكات، بەرگریەكی باش لە گۆڵپارێزی یانە و هەڵبژاردەكەی دەكات، ئەو بەرگریكارەش پاو كۆبارسی تەمەن 17 ساڵان و بەرگریكاری یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، لە یاریی دۆستانەكەی هەڵبژاردەی لارۆخا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا، ئەگەرچی ئیسپانیەكان دووچاری شكست هاتن، بەڵام كۆبارسی لاو، توانی ناوی خۆی لە مێژووی هەڵبژاردەكەیدا بنوسێتەوە و لە دوای سێرجیۆ رامۆس، ببێتە بچوكترین بەرگریكاری هەڵبژاردەكە و هەروەها دووەم لاوترن یاریزانی لارۆخا.
لە ڕابردوودا كۆبارسی بەرگریكار، تەنها بۆ هەڵبژاردەكانی خوار تەمەن 15 ساڵان و 17 ساڵانی ئیسپانیا یاریی كردوە، لە لایەن لویس دی لافوێنتی ڕاهێنەرەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی پێشكەوتوان كرا، كۆبارسی زۆر بە خێرایی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەكەی و یانەی بارسێلۆنا گونجاند و لە ڕاهێنانەكان و لە ناو یاریگاشدا، گوێڕایەڵێكی باشی ڕاهێنەرەكانێتی، هەموو هەوڵێك دەدات، خۆی ماندوو دەكات، دەیەوێت ببێتە جێی متمانەی ڕاهێنەرەكانی، لە ئێستادا بە شێوازی یەدەگ پشتی پێ دەبەسترێت، بەڵام بە پێی چەند سەرچاوەیەك، لە داهاتوودا بە شێوازی سەرەكی متمانە دەكرێتە سەری.
پاو كۆبارسی ئیسپانی، بەرهەمی ئەكادیمیای لاماسیایە، لە یەكەم یاریدا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، ڕووبەرووی یانەی ئونیۆنێستا بۆوە لە جامی شادا و لە تایمی دووەم بەشداری پێ كرا، بەڵام لە دووەم یاریدا لەگەڵ بلوگرانا، چاڤی متمانەی تەواوەتی خۆی پێ بەخشی و بەرامبەر بە ریاڵ بێتیس بە شێوازی سەرەكی بەشداری پێكرا، لە چامپیۆنس لیگی ئەوروپاش، توانی توانی مێژوویەك بۆ خۆی بنوسێتەوە و ڕیكۆردێك بە ناوی خۆیەوە بكات، كاتێك بەرامبەر بە یانەی ناپۆلی جەنگا و تەمەنی تەنها 17 ساڵ و 50 ڕۆژ بوو. 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP