سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوا ده‌كرێت به‌ مۆنۆمێنت

کوردستان
16:14 - 2024-04-13

چالاکوانان و نوسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، رایده‌گه‌یه‌نن كه‌  چه‌ند هه‌نگاوێكیان ناوه‌  تا سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوا، شوێنی زیندانیکردنی ئەنفالکراوان له‌ كه‌ركوك بكرێته‌ مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال.

هێمن حه‌سیب نووسەرو چالاکوانی بواری جینۆساید،  جێگری سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ ئه‌مڕۆ، 13 نیسان 2024 له‌ سه‌ربازگه‌ی كۆنی تۆپازا به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند:" دوایی چەندین هەوڵ و گەیاندنی داواکاری نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، دواجار چەند هەنگاوێك نراوە بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شوێنی سەربازگەی تۆپزاوە لە کەرکوك."

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:" ڕۆژی 2024/2/17.. (44) نوسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید و (22) رێکخراوی بواری جینۆساید، داواکارییەکیان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ کرد، تا سەربازگەی تۆپزاوە شوێنی زیندانیکردنی ئەنفالکراوان بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال."

هێمن حه‌سیب وتی:"کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، بە نوسراوی ژمارە (70) لە ڕۆژی 2024/3/14، داواکارییەکەی ئاڕاستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، دوای وەرگرتنی دید وبۆچوونی دەستەی ڕاوێژکاران ئەنجومەنی وەزیران، کە پاڵپشتی داواکارییەکەیان کردووە بۆ ئەوەی سەربازگەکە بکرێتە مۆنۆمێنت... لە ڕۆژی 2024/3/27، نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران بە نوسراوی ژمارە (3068/ 241354)، داواکارییەکەی ئاڕاستەی دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە تا وەك لایەنێکی پەیوەندیدار دید و بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو."

وتیشی:" وابڕیارە لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەغدا بکەین، بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق تایبەت بەم پرسە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP