قوباد تاڵەبانی: هەڵبژاردن نەکرێت زیان بەر هەرێم دەکەوێت

کوردستان
14:52 - 2024-04-17

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایدەگەیەنێت: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا و پێمان وایە ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، زیان بە دیموکراسی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت".

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە پەراوێزی کارو چالاکییەکانی هەشتەمین دیداری سلێمانیدا رایگەیاند: " خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووە و لیژنە و مەڵبەندەکانمان سەرقاڵی کاری خۆیانن بۆ هەڵبژاردن، کاندیدەکانیشمان لە ئامادەکاریدان بۆ پڕۆسەکە و هەموو رێکارەکان ئەنجام دەدەین بۆئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت".

"ئەمڕۆ یەکێتی تۆکمەیە و کادرەکانی ورەیان بەرزەو رێکخستنمان بەهێزە و چاکسازی باشمان لەناو حزبدا ئەنجامداوە، گەشبینین بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، پێشمان وایە زیندوبوونەوەی یەکێتی بەردەوام دەبێت و بەرەو بەهێزی دەڕوات"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا: "دەمانەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ئەگەر هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە ئەنجام نەدرێت، زیانێکی گەورە بەر پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP