وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان توانیویەتی 34 هەزار فەرمانی دەستگیرکردن جێبەجێبکات و بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانی رێکخراویش دەستی بەسەر 301 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسیكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای 2024، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان 34 هەزار فەرمانی دەستگیرکردنی ماددەی تیرۆری جێبەجێکردووەو توانیویەتی 131 حەشارگەی تیرۆرستان و 826 بۆمبی چێندراو لە ناوبەرێت و دەست بەسەر 10 هەزار چەکی بێ مۆڵەتی جۆراوجۆردا بگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لەوەش دەست بەسەر 44 هەزار کەپسولی هۆشبەرو 438 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵ و چەندین ماددەی هۆشبەری دیکەی قاچاخدا گیراوە ئەوەشی خستەڕوو: بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانی رێکخراو 29 هەزار فەرمانی دەستگیرکردنی جێبەجێکردووە کە لە ناویاندا ماددەی تیرۆر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر هەبووە، هەروەها دەستیان بەسەر 301 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووەو 42 حەشارگەی داعشیان وێرانکردووەو 345 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ئەندامی جەستەی مرۆڤ دەستگیرکردووەو دەستیشیان بەسەر پێنج هەزار چەک و بۆمبی چێندراودا گرتوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP