لەکۆبونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى ئاماژە بە مووچەی هەرێمی کوردستان نەکراوە

عێراق
10:31 - 2025-07-15

دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگى شیعەکان کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوەکەیاندا هیچ ئاماژەیەک بە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

چوارچێوەی هەماهەنگى شیعەکان، ئێوارەیدوێنێ دووشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگى لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، سەرەڕای چاوەڕوانییەکان، هیچ ئاماژەیەک بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوە.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەردەم عێراق و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و رەوتی پرۆسەی سیاسی کراوە. راگەیێندراوەکە دەڵێت: "جەخت لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی کراوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە و پاراستنی بڕیاری عێراقی بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات."

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. لەو کۆبوونەوەیەدا، دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کراوە و ئامادەبووان جەختیان لەسەر "گرنگیی دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و بەهێزکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن" کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پاکی و بێگەردی پرۆسەکە و متمانەی هاووڵاتییان مسۆگەر بکرێت و هانی بەشدارییەکی فراوان و کاریگەر بدات، کە رەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی گەل بێت و رێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا بچەسپێنێت.

هاوکات، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دەرکردنی ژمارەیەک یاسای گرنگ لە پەرلەمان کردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دەوڵەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان بەشێکى زۆرى کۆبونەوەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى تایبەت بووە بە کێشەکانى دوێنێى نێوان سەرۆکى پەرلەمان و موحسن مەندەلاوى جێگرى بەهۆى ئەوەى مەندەلاوى مەحمود مەشهەدانمى بە وتارى تائیفى تۆمەتبار کردووە و پێیى وتوە دەبێت داواى لێبوردن بکەیت، مەشهەدانیش ووتویەتى کەداواى لێبوردن ناکات، ئەمە بووەتە هۆى دروست بوونى ئاڵۆزى لەنێو پەرلەمانى عێراق و پەرلەمانتارانى شیعە واژویان کۆکردۆتەوە بۆ دەرکردنى مەحمود مەشهەدانى و پەلەمانتارانى سونەش واژویان کۆکردۆتەوە بۆ دەرکردنى موحسن مەندەلاوى بەم هۆیەشەوە  دانیشتنەکان بۆکاتیکى نادیار دواخرا .


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP