ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە وەزیری موقتەدا سەدر،
سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە ناسراوە، رایگەیاند، سەدر لەگەڵ ئەندامانی رەوتەکەی لە
کۆبوونەوەدایە و پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە دەنگ بە کێ بدرێت باشە؟
ئەمشەو یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، ساڵح محەممەد
عێراقی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "کاتێک ئەم
وشانە دەنووسم، کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا [موقتەدا سەدر] لە حەنانە بەردەوامە."
وەزیرەکەی سەدر
روونیکردووەتەوە کە موقتەدا سەدر پرسیاری ئەوە دەکات کە "دەنگ بە کام لیست
بدرێت کە خاوەنی کارنامەی سەربەخۆیی بەبێ پاشکۆیی، سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت،
بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس، هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان، تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بە هێزە
ئەمنییەکان یان رێکخستنەوەی، دەستگرتن بە خۆشەویستی نیشتمان، ئاشکراکردنی گەندەڵکاران
و کارکردن بێت بۆ چاکسازی."
بەگوێرەی نووسینەکەی ساڵح محەممەد عێراقی،
"موقتەدا سەدر پرسیاری ئەوەشیان لێدەکات کە ئەو گەرەنتییە چییە کە پێیانبدات،
لە بەرامبەر ئەوەی کەسانی شەرەفمەند دەنگ بەو لیستە بدەن."
ئەم کۆبوونەوەیەی
موقتەدا سەدر و لایەنگرانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، دوای چەند کاژێرێک بوو لە بڵاوکردنەوەی
فەرمانی دەرکردنی 31 ئەندامی رەوتی نیشتمانیی شیعە و گرووپی چەکدارى سەرایا سەلامی سەر بەو رەوتە، بەهۆی ئەوەی لە لیستەکانی
دیکە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو.
پێشتر لە 4ـی تەممووز،
موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی
بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
ئەو رەوتە لە ساڵی 2022 لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە
و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2023ـی نەکرد و بڕیاریشی داوە بەشداری
لە هەڵبژاردنی 2025ـی پەرلەمان نەکات، کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ
بکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP