سەرۆك بافڵ پێشوازی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم کرد

کوردستان
16:21 - 2024-07-18

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە  مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەدیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێکران، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان و گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

لەدیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندیی یەکێتیی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی حوکمڕانی پێویستیان بە گۆڕانکارییە، هەڵبژاردنیش باشترین بژاردەیە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و پاراستنی مافی هەموولایەک. بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی پڕۆسەکە، لێدانە لە خواستی خەڵک و زیانگەیاندنە بە هەرێمەکەمان.

لەبارەی ئیدارەی خۆجێیی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە، سەرۆک بافڵ جەختی لە خێراترکردنی هەنگاوەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کردەوە و رایگەیاند، هیوادارین هەنگاوەکان لەخزمەت خەڵک و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیاندابن، مافی هەموولایەک پارێزراو بێت و ئیرادەی دەنگدەران پشتگوێ نەخرێت، بەپێچەوانەوە بەتوندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە مافی دەنگدەران و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێشێل بکات. دڵنیایی دەدەینە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان کە سازش لە مافەکانیان ناکەین و رێگەنادەین چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر ببرێت.

یەکخستنەوەی ماڵی کورد و ئاستەنگییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکەبوو، سەرۆک بافڵ خواستی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە و راشیگەیاند، یەکڕیزی و یەکگرتووییمان زامنی بەهێزی و مانەوەمان دەکات، بۆیە هەمیشە دەرگای گفتوگۆ و کاری هاوبەشمان کراوەبووە و پێشوازیمان لە هەر هەوڵێک کردووە کە ئامانجەکەی خزمەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بووبێت. ئامانجی ئێمە روونە و لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان هەموو سازشێک دەکەین، ژیانی خەڵکەکەمان لەسەروو هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەنگاوێکیش دەنێین لەو پێناوەدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP