رێکخراوێکی منداڵپارێز: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦ هەزار منداڵی کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان

جیهان
18:52 - 2024-07-18

رێکخراوی "سەیڤ زە چیڵدرن" بڵاویکردەوە، لەنێوان مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زیاتر لە شەش هەزار و 400 منداڵی کۆچبەر گەیشتووەتە وڵاتی یۆنان.

ئەو رێکخراوە ناحکومییە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: پێنج هەزار و 580 منداڵیان لە دەریا ئیجەوە هاتوون و  830 منداڵی دیکەیان بە رێگای وشکانی نێوان تورکیا و یۆنانەوە گەیشتوونەتە یۆنان.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: لە هەر چوار منداڵ، منداڵێکیان بێئەوەی هیچ کام لە دایک و باوکی لەگەڵدا بێت گەیشتووەتە یۆنان و ژمارەکەش سێ هیندە زیادی کردووە بەراورد بە  ساڵی رابردوو.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی ئەو رێکخراوەی تایبەت بە هاریکاریی منداڵان ئاشکرایکردووە: بارودۆخی مێردمنداڵەکان زۆر خراپە چونکە کەسیان لەگەڵدا نییە بتوانێت جلوبەرگ و پێڵاو و تەنانەت مۆبایلێکیان بۆ دابین بکات، لە کاتی راگرتنیان لە کامپەکانی دەستبەسەرکردن.

بەڕێوەبەری رێکخراوی "سەیڤ زە چڵدرن"  راشیگەیاندووە: ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەی دەگەنە یۆنان، وەکو منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، داواش لەو ولاتە دەگات باشتر بیانپارێزێت و دۆخی ژیان و گوزەرانیان باشتر بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP