خانەنشینانی پێشمەرگە مووچەی دوو مانگ پێكه‌وه‌ وه‌رده‌گرن

کوردستان
15:25 - 2024-07-22



حکومەتی هەرێم لەداهاتی ناوخۆ کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی 5 و6ی خانەنشینانی پێشمەرگە پڕدەکاتەوەو دەستبەدابەشکردنی دەکات، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی 7ی خانەنشینانی وەزارەتی پێشمەرگەی بە داتای تەواوە ناردووە بۆ بەغدا و ئەو کێشەیە چارەسەرکرا".

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە وێبساتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "حکومەتی هەرێم ئەو 26 ملیار دینارەی کەبۆ دابەشکردنی دوو مووچەی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە هەیبوو، لەداهاتی ناوخۆ پڕیکردەوەو ئەمڕۆ 22-7-2024 دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 5 و6ی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە".

"جیاواز لەمانگەکانی رابردوو بۆ مووچەی مانگی 7ی خانەنشینی پێشمەرگە حکومەتی هەرێم ناوو زانیاری تەواوی بۆ بەغدا ناردووەو چاوەروانناکرێت وەک مانگەکانی رابردوو کێشە بۆ مووچەکانیان دروستببێت".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنەدراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو: "مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی یەکەی 70  بەشێوەی سولفە خەرج دەکرێت، تاوەکو بە رەسمی دۆسیەکانیان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت".

بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبوو 18-07-2024، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی، هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دوو مووچەی دواخراویان وەربگرن کە مووچەکانی مانگی پێنج و شەشی رابردوو بوو، بەڵام مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 و 80 بەهۆی کورتهێنانی مووچەکانیانەوە دواکەوتوو، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی کرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP