عیراق 560 کەس لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان دادەمەزرێنێت

عێراق
21:15 - 2024-07-25

ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق، دامەزراندنی 560 کەس لە خاوەن بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکانی راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە بە دامەزراندنی زیاتر لە 560 کەس لەوانەی مامەڵەیان بەگوێرەی یاساکانی ژمارە 59 و 67ـی ساڵی 2017 پێشکەشکردووە.

ئەنجوومەنەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، هەفتەی داهاتوو لیستی ناوەکان بۆ وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەنێردرێت و پرۆسەی دابەشکردن و دەرکردنی بڕیارەکانی دامەزراندن لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت، هەروەها دڵنیایی بە دەرچووە یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان دەدات، بە زووترین کات پرسی دامەزراندنی سەرجەمیان یەکلایی دەکەنەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە ئەنجوومەنەکە دامەزراندن بۆ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە تایبەتەکان رابگەیەنێت، بەر لە سێ رۆژیش دامەزراندنی 570 کەسی لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیاند.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP