شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت:"هەڵبژاردن ئامرازێکی گرنگی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە و دەکرێت دەرەنجامەکانی ببنە هۆی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک".
ئەم وتەیەی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە میانی بەسەرکردنەوەی هەڤاڵان مەحمود سەنگاوی و حامی حاجی غالی و رەمەزان دێکۆنی و ژمارەیەک لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی ناوچەکەو تێکۆشەری دێرین و فەرماندەی سەربازیی بوو لە چەمچەماڵ.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیی نوسینگەکەی:" لە دیدارێکدا باس لە دوا پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا و لەبارەیەوە تەئکید لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف کرایەوە".
هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی بەشداری کۆمەڵانی خەڵک لە هەڵبژاردن کرایەوە و شێخ جەعفەر رایگەیاند: "هەڵبژاردن ئامرازێکی گرنگی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەو دەکرێت دەرەنجامەکانی ببنە هۆی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەکانی ئاوەدانی" و هەڤاڵانیش هاوڕابوون.
هەروەک تەئکیدکرایەوە لە گرنگیی پاراستنی یەکڕیزی میللەتەکەمان و سەقامگیریی و ئارامی وڵات و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی لەسەر ئاستی عیراق.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP