نەرمین مەعرووف: هۆی نەناردنی پارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وەزیری دارایی دەپرسین

عێراق
11:41 - 2024-08-13


لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی دارایی، پلاندانان و نەوت و پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکات. بەوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەکە، باس لەچەندین بابەت دەکرێت، لەوانەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سەعات دە بکرێت و لیژنەی دارایی میوانداری هەریەک لە تەیف سامی وەزیری دارایی؛ محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان؛ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بکات.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای دوو رۆژە لەروونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق کە تێیدا رایگەیاند، کێشەی کەمی نەختینەی نییە بۆ مووچە و مانگانە پارەی پێویستیان بۆ مووچە هەیە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەسەر داوای ئێمە لیژنەی دارایی بانگهێشتی ئەو لایەن و کەسانەی کردووە، روونیشیکردەوە بانگهێشتەکە بەمەبەستی پرسیاركردن و وەرگرتنی زانیارییە لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت بە بواری دارایییەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە وەك نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دارایی، لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە پرسیار لە تەیف سامی دەکەین.
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی تەممووزی هەرێمی کوردستانی نەناردووە کە مانگانە بڕەکەی زیاتر لە 900 ملیار دینارە.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP