پەیامی مەکتەبی سیاسی لە یادی (36) ساڵەی شەهیدبوونی سەرکردە ئازاد هەورامیدا

کوردستان
12:31 - 2024-08-31



سی و شەش ساڵ لەمەوبەر  یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان سمبولێكی تری تێكۆشان  و كوردایەتی كردە قوربانیی خاكی كوردستان، ئیمڕۆ یادێكی تری خەمناك دەكەینەوە  كە ساڵرۆژی گیانبەخشینی  سەركردەی یەكێتیی و رۆڵەی گەلەكەمان كاك ئازاد هەورامیە كە لە رۆژی 31 ی ئابی 1988 وپاش نەبەردییەكانی چەند رۆژەی  دامێنی زنجیرە شاخی قەندیل  لە سەرشێخانی باڵەییان  شەهید بوو.

كاك ئازاد هەورامی هەرچەندە بنەچەیان  هەورامی بوون  بەڵام لە شاری كەركوك و لە خێزانێكی كرێكار چاوی بە دونیا هەڵهێنابوو، بۆیە هەر لە هەڕەتی لاوێتیەوە ئاسۆی بیركردنەوەی لە ناو ستەمی چینایەتی و نەتەوەییدا گەشەی كرد و لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی پێشووەوە  تێكەڵاوی كاری سیاسی و كوردایەتی بوو

لەگەڵ دامەزراندنی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرساندنی شۆرشی نوێدا ، كاك ئازاد ڕووی كردە شاخ و وەك تێكۆشەرێكی سیاسی چەكدار  بەناوی روناككەرەوە لە تاریكیدا، بەهەلوێست لە دەرەتانیدا ، ئازا لە نەبەردیدا، ئاشتیخواز لە ناكۆكیدا  ناسرا بوو،لەبەر ئەو سیفاتانەی  شەهید ئازاد هەرزوو چەندین ئەركی  لێپرسراوێتی پێشمەرگانەو سیاسی و رۆشنبیریی پێسپێردرا  ولەناو هێزی پێشمەرگە و گوند نشینەكانی ناوچە  رزگاركراوەكاندا  كەسێتیەكی  خۆشەویستی هەبوو .

وێرای بوونی خەسڵەتەكانی سەركردەیەكی شۆڕشگێڕ كە لە كاك ئازاددا كۆبوبونەوە ئەدەب دۆستێكی شارەزا و موزیسیانێكی لێهاتوش بوو  كە لەناو ئەدیب و هونەرمەندانیشدا جێگەی تایبەتی  هەبوو .

ئەم جوامێرەی كوردایەتی و شۆڕش ، ئەم سەركردە بوێرەی گشت قۆناغەكان  بەشەهید بوونی  كەلێنێكی گەورەی خستە ناو یەكێتی و شۆڕشەوە ، بەڵام ناو  و یادگاریەكانی  بۆ هەمیشە لەناو بیر و هزری تێكۆشەرانی یەكێتیدا هەر بەزیندوویی ماوەتەوە و پەیامەكەی بە بەردەوامی دەمێنێت .

درود بۆ رۆحی بەرزە فڕی شەهید ئازاد  و تێكڕای شەهیدانی كاروانی  خەباتی رزگاری و سەرفرازی كوردایەتی و یەكێتی

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٣١-٨-٢٠٢٤

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە