سەرۆك كۆمارو سەرۆكوەزیران جەخت لەبەهێزكردنی ئاسایش و خزمەتكردنی هاوڵاتیان دەكەنەوە

عێراق
09:42 - 2024-09-09

د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردو جەختیان لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی و پێشخستنی وەبەرهێنان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان كردەوە.
سەرۆكایەتی كۆمارلە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: سەرۆككۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بارودۆخی گشتیی وڵات و پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەكانیان تاووتوێ كردو جەختیان لەسەر گرنگی یەكخستنی ریزی نیشتمانی و كاری هاوبەش لەپێناو پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و باشتركردنی بژێوی و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی خواستەكانیان كردەوە".
ئاشکراشیکردووە: "هەر لەدیدارەكەدا جەخت لەسەر گرنگی پاڵپشتیكردنی رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە وەزارییەكەی كرایەوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە پێداویستییەكانی هاووڵاتیان و باشتركردنی بارودۆخی ئابوری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی و پێشخستنی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت و كاریگەرییەكانی لەسەر بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە، هەیە".
ئاماژە بەوەشدراوە: "سەرۆككۆمارو سەرۆكوەزیران جەختیان لەسەر گرنگی یەكلاكردنەوەی شایستە دەستورییەكانی پەیوەندیدار بەپێویستی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە لەپێناو كاراكردن و بەهێزكردنی رۆڵی پەرلەمان لە چاودێری و یاسادانان و هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP