د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی لە رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک کردو دوایین پێشهاتەکانی دۆخی پارێزگای کەرکوك لەبوارەکانی ئاسایش و ئابوری و خزمەتگوزاری تاووتوێکران و سەرۆكکۆمار گرنگی کەرکوك و تایبەتمەندییەکەی و پێویستیی بەهێزکردنی برایەتیی و ئاشتیی لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیدا دووپاتکردەوە".
لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماردا کە وێنەیەکی بۆ کەناڵی کەرکوک نێردراوە ئاماژەی بۆئەوەکردووە: "سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چالاککردن و خێراکردنی هەنگاوەکانی بوژاندنەوەی رەوشی ئابوری و خزمەتگوزاری لە کەرکوكدا، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ داخوازییە رەواکانی کەرکوکییەکان لەبوارەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاری و گەشەپێداندا دوپاتکردەوە."
لە بەرامبەردا رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رێنمایی و بایەخدانی سەرۆكکۆمار بە کەرکوك دەربڕی و جەختیکردەوە، کە :"هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوك بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە."
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP