مەسعود پزیشکیان: ئێران دراوسێیه‌كی گرنگی عیراقه‌

عێراق
15:32 - 2024-09-11



ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـ ی 9ـ ی 2024 مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و وەفدێکی هاوڕێی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و بەڵیۆزی ئێران لە عیراق پێشوازیلێکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە سەردانەکەی پزیشکیان لەدوای دەستبەکاربوونیەوە وەک سەرۆک کۆماری ئێران، یەکەم سەردانی رەسمییە کە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجامی بدات، بۆ کەناڵەکانی راگەیاندنیش پزیشکیان رایگەیاند: "سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین و هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانمان دەدەین".

لە یەکەم کۆبوونەوەیدا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کرد.

له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی دۆست، پته‌و و مێژوویین. رونیشیكرده‌وه‌، "ئێران دراوسێیه‌كی گرنگی عیراقه‌ و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناوچه‌یی هه‌یه‌ بۆ پشتیوانیكردنی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌، عیراقیش به‌ ته‌واوی و به‌هێزییه‌وه‌ پاڵپشتی هاریكاریه‌كی هاوبه‌ش ده‌كات له‌پێناو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕ‌ه‌وی و چه‌سپاندنی ئاسایشی سنوره‌كان و كاركردن بۆ كۆتاییهێنان به‌ گرژییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا".

هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌:" له‌پێویستی كاراكردنی بڕ‌گه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ و یاداشته‌كانی لێكتێگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوو وڵات و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌كان له‌پێناو خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولا".

بەپێی ئاژانسەکانی ئێران، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عیراق خۆی لە باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کلتوری و ..  دەبینێتەوە.

لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق، مەسعود پزیشکیان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایگەیاند: "سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێم باشتر بکەین".

بەپێی زانیارییەکان جگە لە سەردانی هەولێر و سلێمانی سەرۆک کۆماری ئێران بڕیارە سەردانی شارەکانی نەجەف و کەربەلا و بەسڕە و چەند شارێکی دیکەی عیراق بکات، هاوکات بڕیاریشە چاوی بە بازرگانانی ئێرانی لە عیراق بکەوێت، ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هاوكات به‌ سه‌رپه‌رشتی محه‌ممه‌د شیاع سودانی و مه‌سعود پزیشكیان، عیراق و ئێران 14 لێكتێگه‌یشتنیان له‌بواره‌كانی ئابووری، كشتوكاڵ، وه‌رزش و لاوان، په‌روه‌رده‌، مێژوو و گه‌شتوگوزارو چه‌ند بوارێكی دیكه‌ ئیمزا كرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە