بۆ یەکەمجار کۆریای باکوور وێنەی وێستگەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی بڵاوکردەوە

جیهان
13:48 - 2024-09-13


کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار وێنەی وێستگەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەناو وێستگەکەدا دەگەڕێت.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی رەسمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە: کیم گەشتێکی بە دامەزراوەی چەکی ئەتۆمی و"بنکەی بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییەکانی چەک" کردووە، بەبێ ئەوەی شوێنی ئەو دامەزراوەیە و وادەی سەردانەکەی ئاشکرا بکات.
بڵاویشیانکردووەتەوە: کیم جەختی لەسەر پێویستی زیادکردنی ژمارەی ئامێری زیاتری پیتاندنی یۆرانیۆم، (سەنتەرفیوجەکان) کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو چەکی ئەتۆمی بۆ بەرگریکردن لە خۆی زیاد بکات.
هەروەها، کیم داوای لە دامەزراوەکە کردووە، هەوڵی هێنانەکایەی سەنتەرفیوجی جۆری نوێ بدات، بۆ ئەوەی بناغەی بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییەکانی دروستکردنی چەک زیاتر بەهێز بکات".
بەرنامەکانی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور بەگوێرەی سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان قەدەغەکراون، بەڵام ئەو وڵاتە لەمێژە سەرپێچیی ئەو سنووردارکردنانەی کردووە، پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی کە رووسیا و چینن، بەهۆکاری ئەو سەرپێچییانە دادەنرێت.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP