عیراق هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کرێکارانی بیانی نایاسایی دەستپێدەکات

عێراق
13:15 - 2024-09-18

بڕیارە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کرێکارە بیانییانە دەستپێبکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە عێراقدا کاردەکەن.

نەجم عیقابی، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی کە بە فەرمی تۆمارکراون لە 43 هەزار کەس تێناپەڕێت و بەشێکی زۆریشیان مۆڵەتی کارکردنیان نوێ نەکردووەتەوە، بۆیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاساییان دەکرێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو بەم زووانە وەزارەتەکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی کرێکاری بیانیی نایاسایی دەستپێدەکات و پاشان دیپۆرتیان دەکاتەوە.

عیقابی ڕاشیگەیاند ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو خاوەن کۆمپانیایانە دەگرنەبەر کە بە قاچاخ کرێکار دەهێنن و سزای دارایی گەورەشیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕاشیگەیاند، زیادەڕەوی لەو ژمارانەدا دەکرێت کە دەربارەی کرێکارانی بیانیی بڵاودەکرێنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP