شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێوڕەسمێکدا، لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی، بازنەی هەڵبژاردنی چوارباخی کردەوە.
لەو رێوڕەسمەدا کە بەئامادەبوونی پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی سنوورەکە بەڕێوەچوو، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لە مێژووی پڕ لە سەروەری دانیشتوانی گەڕەکی چوارباخ کرد لە بزافی رزگاری خەڵکی کوردستاندا کە شەهیدو قوربانییەکی زۆریان لەپێناو ئازادی و سەرفرازی میللەتەکەماندا بەخشیووە و هەردەم هەڵوێستی مەردانەی نەتەوایەتیان هەبووە، کە یەکێتی بەشانازییەوە لێی دەڕوانێت.
پاشان تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی هەرێم و ئاماژەی بەوەکرد کە بابەتی شەراکەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا لاسەنگ بووەو پێویستە ئەو لاسەنگییە لەڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە راستبکرێتەوە و کۆتایی بەقۆرخکاریی لە حکومڕانیدا بهێنرێت و لەڕێی سەرخستنی کاندیدەکانی یەکێتییەوە، پەرلەمان و حکومەتێک پێکبهێنرێت کە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵک بن و یەکڕیزیی و تەبایی بۆ خەڵکی کوردستان بگێڕێتەوە.
داوای لە ئامادەبووانیش کرد، تەواوی هەوڵ و تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ، لەپێناو کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگدەر بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگدان بۆ لیستی 129.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP