پارتی "وەفاتنامەی شەهیدان"ی بۆردومان و لەشکرکێشییەکانى تورکیا دەستکاریی دەکات

ڕاپۆرت
14:19 - 2024-10-13



پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێی بەکارهێنانی دامەزراوە رەسمییەکانی حکومەت لە سنووری بادینان و دهۆک و هەولێر، بەڵگەنامەی ئەو قوربانیانە دەشێوێنێت کە بە هۆی بۆردومان و لەشکرکێشیەکانی تورکیاوە شەهید دەبن، راستی شەهیدبوونەکەیان لەسەر وەفاتنامەکانیان دەگۆڕێت بۆ هۆکار و رووداوی دیکە و پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش پشتراستی دەکاتەوە کە:" هۆکاری شەهیدبوونی بۆردومان و لەشکرکێشیەکان بە ئەنقەست و ئامانج لەسەر وەفاتنامەکانیان دەگۆڕدرێن".

 

بەگوێرەی بەدواداچوونةكانى سايتى  PUKMEDIA کە لە تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (CPT)ی ئه‌مریكی دەستیکەوتووە،  بەهۆی "بێده‌نگی حكومه‌ت و ئاسانكاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا،  ‌ له‌ 2015ـ‌وه‌ تاوه‌كوو 2024، زیاتر لە  147 كه‌س شه‌هیدكراون و 219 كه‌سیش له‌هه‌رێم بریندار بوون".

 

ئەم کارەی پارتی دەیکات ئامانجدارە
 

د.بریار رەشید پەرلەمانتاری عیراق کە بەدواداچوونی بۆ کەیسی شەهید و بریندارو قوربانیەکان کردووە، بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" پارتی راستی شەهیدبوونی ئەو هاوڵاتیانە لەسەر بەڵگەنامەی مردنەکان دەگۆڕێت بۆ رووداوی دیکە، کە بەهۆی لەشکرکێشی و بۆردومان و درۆنی تورکیاوە لەسنووری بادینان و دهۆک و هەولێر و شەنگال دەبنە قوربانی".

 

"ئەم کارەی پارتی دەیکات ئامانجدارە و بۆ شاردنەوەی راستی رووداوەکانە و کەسوکاری قوربانیەکان زەرەرمەندی سەرەکین و هەروەها داپۆشینی ئەو تاوانەیە کە پارتی و هێزێکی دەرەکی لە بەرامبەر خەڵکی بێتاوان ئەنجامی دەدەن" ئەو پەرلەمانتارە وایوت.

 

قوربانیەکانمان بەشەهیدی خاک لەقەڵەم بدرێت
 

پارتی دیموکراتی کوردستان کە چاوساغی لەشکرکێشی تورکیایە بۆ سەرهەرێمی کوردستان، هۆکاری سەرەکی شەهید و برینداربوونی هاوڵاتیان و چۆڵکردنی سەدان گوندی سنوورەکەیە و هاوکات فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە بەکاردەهێنیت کە هەر هاوڵاتیەک بەهۆی بۆردومان و لەشکرکێشیەوە شەهید دەبن، لەوەفاتنامەکانیان دا ئاماژەی پێنەکرێت و هۆکاری دیکە لەجیاتی بنوسرێت.

 

بەهجەت زێباری دانیشتوی دینارتەیە و ئامۆزایەکی و هەشت مانگ پێش ئێستاش خاڵێکی بە بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا لە بناری چیای گارە شەهیدبوون و بە سایتەکەی وت:" لەوەفاتنامەی شەهیدەکانمان نەنوسراوە کە بە بۆردومانی تورکیا شەهیدبوون" و داوایکرد کە قوربانیەکانیان بەشەهیدی خاک لەقەڵەم بدرێت و قەرەبووبکرێنەوە".

 

شەهیدەکانی ئەو بۆردومان و لەشکرکێشیانەی سەرخاکی هەرێم لەوەفاتنامەیاندا دەگۆڕدرێن بۆ هۆکاری دیکە و هەندێکیان دەنوسرێت بە تەقینەوە گیانی سپاردووە، لەکاتێکدا بە فرۆکە و بۆردومان شەهید بوون.

 

كامه‌ران عوسمان ئه‌ندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (CPT)ی ئه‌مریكی بە PUKMEDIA ی وتووە:" هاوڵاتیی بە درۆنی تورکیا و لە نێو ئۆتۆمێبلدا کراوەتە ئامانج، بەڵام لەوەفاتنامەکەیدا نووسراوە بەرووداوی هاتووچۆ گیانی سپاردووە! و لایەنی بکەر و هۆکاری راستەقینە ئاماژەی پێنەکراوە".

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی رێكخراوه‌ی (CPT)ی ئەمریکی‌ له‌و 147 كه‌سه‌ی شه‌هیدبوون، 59% ی رێژه‌ی شه‌هیده‌كان له‌ دهۆك و 24%یشی له‌ هه‌ولێر و 7.8% له‌ سلێمانی و 9.2%ی له‌ شه‌نگال بووه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP