عیماد ئەحمەد : راگەیاندنی یەکێتی بەرپرسیارە بەرامبەر خواست و داواکاری خەڵک ، لەم قۆناغی نوێیەشدا پێویستە وەک هەمیشە میدیاکانی یەکێتی پابەند بە بنەماکانی پیشەیی سیاسەتی میدیایی ئاڕاستەبکەن و هاوکاربن بۆ گەشەپێدانی چۆنایەتی هەرێمی کوردستان .
ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٤ ی ١٠ ی ٢٠٢٤ عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لەگەڵ ئەندامانی مەکتەب و بۆردی راگەیاندن و هۆشیاری کۆبووەوە .
لەکۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاند ، نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری ئامادەبوون ، سەرەتا عیماد ئەحمەد سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی میدیاکارانی یەکێتی کرد کە لەم قۆناغی سەرکەوتن و هەستانەوەو سەوزکردنەوەی کوردستان رۆڵی گرنگیان گێڕاو بە ئەمانەتەوە ئەرکەکانیان راپەڕاندن و بڵندگۆی خەڵک بوون بۆ گەیاندنی راستیەکان ، ئازایانەو ئازادانە پەیامی سەرۆکی یەکێتی و یەکێتیان بە باشی گەیاند کە ئەمە جێگای ستایشی هەموومانە .
لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتی میدیایی بۆ دوای هەڵبژاردن هەڤاڵ عیماد ئەحمەد لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نەخشەڕێگای سیاسەتی میدیایی یەکێتی دیاریکرد و ووتی ئەرکمانە بەهەمان رۆحیەتی سەرکەوتن پەیامی خۆمان بگەیەنین و کاربکەین بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکمان داوە بە تایبەت دەبێت راگەیاندنی یەکێتی لەگەڵ خەڵک بێت و روویی راستییەکان بۆ هاووڵاتیان روونبکاتەوە و نەکەوینە ناو موهاتەراتی لابەلاو بێ مۆڕاڵی هەندێ میدیایی ئاڕاستەکراو کە بە مەرام کاردەکەن بۆ شێواندنی راستیەکان .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاند بۆ دۆخی گشتی هەرێم کراو بڕیاردرا پەیامی میدیایی یەکێتی لە خزمەتی سەرخستنی ئاراستەی سیاسی یەکێتی بێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز ئەویش بە ویستی کۆمەڵانی خەڵک .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP