پەرلەمان بڕیارەكانی قیادەی سەورەی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە كەتایبەتن بەكورد

عێراق
18:52 - 2024-10-25

دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێدەكەنەوەو ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش رایدەگەیەنێت: "كارنامەی دانیشتنەكە سێ پڕۆژەیاسای تێدایە كەگرنگترینیان بۆ كورد هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیس قیادە سەورەیە"، دەشڵێت: "تێپەراندنی دوو پڕۆژە هەموارەكەی یاساكانی باری كەسێتی و لێبوردنی گشتی كەهەر لەكارنامەی دانیشتنەكەدایە، لەئایندەدا بۆ كۆی كۆمەڵگای عیراقی كاریگەری نەرێنیان دەبێت".

كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەران بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی راگەیاند: "پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە سێ هەفتە دانیشتنەكانی راگرتبوو، یەكشەممەی داهاتوو كۆدەبێتەوە، كارنامەی دانیشتنەكەش سێ پڕۆژەیاسا دڵخوازەكەی كوردو شیعەو سووننەی تێدایە كە بریتین لە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیس قیادە سەورە، هەمواری یاسای باری كەسێتی، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی".
"تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كەهەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعسە، هاوكات سڕینەوەی ئاسەواری تەعریب و تەرحیل بۆ كورد گرنگە، بەڵام لەبەرامبەردا تێپەراندنی دوو پڕۆژە هەموارەكەی یاساكانی باری كەسێتی و لێبوردنی گشتییە كە لەئایندەدا بۆ كوردو كۆی كۆمەڵگای عیراقی كاریگەری نەرێنی زۆریان دەبێت" كاروان یاروەیس وایوت.

راشیگەیاند: "هیچ كام لەپێكهاتەكان متمانەی بەپێكهاتەكەی دیكە نییە، بۆیە لەكارنامەی دانیشتنەكەدا هەرسێ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیس قیادە سەورە، هەمواری یاسای باری كەسێتی، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، بەیەكەوە دانراون".
پێشتریش كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كەهەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعسە، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی راگەیاندبوو: "فراكسیۆنی یەكێتی كاری جددی لەسەر ئەم كەیسە كردووە كە جگە لە كورد، پێكهاتەكانی تریش لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لێی سوودمەند دەبن"، "بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لەیەك ملیۆن دۆنم زەوی كە زۆربەیان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانن و زەوی كشتوكاڵی و موڵكی خەڵكن، دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكانیان و چارەسەری ئەو كێشانە دەكرێت كەپێشتر لەسەریان دروست بووبوو، بۆئەوەش فراكسیۆنی یەكێتی گفتوگۆی جددی لەگەڵ زۆربەی فراكسیۆنەكان كردووە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە